لە بەرامبەر بڕێک پارە

لیژنە بۆ ماڵە بێ تاپۆکانی خانەقین پێکهێنراوە و دەکرێ بە ناویانەوە

964+

ڕاژان باجەلان – خانەقین

لە خانەقین و پاش پڕۆسەی ئازادی هەزاران ماڵ لە شوێنە جیاجیاکان بونیادنرا و چەندین گەڕەکی نوێ دروست بوون، بەڵام زۆربەی زۆیان بەپێی یاسا زیادەڕۆن و تاپۆیان نییە.

ئێستا ئیدارەی شارەکە دەیان داواکاری لە بەردەستە بۆ بەناوکردنی ئەو خانوو زەوییانە، کە ساڵانێکە خەڵک لە شارەکە تیایدا دەژین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.4.2025، ئەندازیار موجبل جەمیل، بەرێوەبەری شارەوانیی خانەقین سەر بە پارێزگای دیالە بە 964ی وت، لە خانەقین زیاد لە هەشت هەزار فایلمان بۆ هاتووە لە خەڵک بۆ بەناوکردنی ماڵەکانیان، کە ئەوەش بەشێکی فراوان لە خانەقین دەگرێتەوە.

بڕیار وایە، پاش تەواوبوونی رێکارە ئیدارییەکان لیژنەیەک هەڵسەنگاندن بۆ زەوییەکان بکات، پاشتر کەسی یەکەمی خێزان دەتوانێت بە پێدانی ئەو بڕە پارەیەی بۆی دیاری دەکرێ لەسەر بنەمای رووبەر و جوگرافیا لەلایەن لیژنەکەوە، زەوییەکە بکڕێت و ماڵەکە ئیتر بەناوی خۆیەوە دەبێت.

ئەم بڕیارە ناسراوه، به بڕیاری ژمارە 320 کە لە ساڵی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر داوە و لە تەواوی عێراق کاری پێ دەکرێت.

گەڕەکەکانی بەختیاری، ئیمام عەباس، سیروان و بەشێک لە تۆڵە فروش و دارەکونارە و ئەمین باپیر و چەند گەڕەکێکی تر ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بە گوێرەی سۆراغی 964، هەر خانەقین نییە، بەڵکو تەنیا لە شارەوانی گوڵاڵە، زیاتر لە نۆ هەزار فایل لە هاوڵاتییان وەرگیراوە و داوای بەناوکردنی زەوی و خانووەکانیان دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا