عەلی باپیر بۆ هەدەپە: هاوكاری لێقەوماوەكان دەكەین
هەدەپە لەکوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک لەدەرگای حزبەکان دەدەن
+964
كوردستان ئەحمەد
نوێنەرایەتی هەدەپە لەهەرێمی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک لەدەرگای حزبەکان دەدەن، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێ: هاوکاریتان دەکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12.2.2023، شاندێكی هەدەپە بۆ پەیداكردنی پشتیوانی و هاوكاری قوربانییەكانی باکووری کوردستان لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری كۆبوونەوە.
ماڵپەڕی فەرمی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەبارەی كۆبونەوەكەوە بڵاویکردەوە کە كۆمەڵی دادگەری هاوخەمی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانییەكان دەربڕیوە و بەڵێنی هاوكاری بەخەڵكی لێقەوماوان داوە.
شاندەكەی هەدەپە لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری باسیان لەکۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بەدەمەوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.
عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لەكۆبوونەوەكەدا بەشاندی هەدەپەی وتووە، بەدەمەوە چوونی زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین “کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاریمان راگەیاندووە هەرچی و چۆنی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین”.
ناهیدە ئاڕمش، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە بە تۆڕی964ی راگەیاند: لەگەڵ هەموو لایەنەكان كۆدەبینەوە و داوای هاوكاریان لێدەكەین، سوپاسی خەڵكی كوردستانیش دەكەین كە هاوكاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە دەكەن.
بەپێی دوا زانیاری لەبوومەلەرزەكەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 30 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و هەروەها زیاتر لە 80 کەسی دیکەش بریندار بوونە.