لەدوو رۆژی داهاتوودا هاوکاری زیاتر رەوانە دەکەن
23 بارهەڵگر هاوکاری لە دهۆکەوە رەوانەی تورکیا و سوریا کرا
964+
توانا نەقی
کەمپینەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، کاروانێکی هاوکاری زۆریش لە پارێزگای دهۆکەوە رەوانەی تورکیا کرا.
ئەمڕۆ 12.2.2023 لەدرێژەی ناردنی هاوکارییەکان بۆ تورکیا و سووریا، 23 بارهەڵگر کەلوپەلی جۆراوجۆر لەدهۆکەوە رەوانەی تورکیا کران.
دیان جەعفەر، بەڕیوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک بە تۆڕی964ی راگەیاند، لەچوارچێوەی کەمپینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەنتەری پارێزگای دهۆک و شەش قەزای سەر بە پارێزگاکە، 23 بارهەڵگر هاوکاری لە کاتژمێر 12:00 نیوەڕۆ رەوانەی تورکیا و سووریا کراون.
وتیشی “کەلوپەلەکان پێکهاتبوون لەدۆشەک، بەتانی، برنج، فاسۆلیا، رۆنی زەیت، شیری منداڵ، دایبی منداڵ و زۆر بابەتی دیکە و لەدوو رۆژی داهاتووشدا کاروانێکی زۆرتر رەوانە دەکەن”.
“هاوکارییەکان بەجۆرێکە پێنج بارهەڵگریان بۆ پارێزگای حەلەبە لە رۆژئاوای کوردستان و 18 بارهەڵگریان بۆ باکووری کوردستان و بەتایبەت پارێزگای غازی عەنتاب و دەوروبەری”. دیان جەعفەر وادەڵیت، ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لەکۆکردنەوەی هاوکارییەکان و کەلوپەلی زیاتریان بۆ رەوانە دەکەن.
بەهۆی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی رۆژی 6.2.2023 کە باکوور و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، سەرووی 30 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 هەزاری دیکەش برینداربوون.