"تا 11 رۆژی دیکە بەچڕی دەگەڕێین"
“گەڕان بەدوای مامۆستا ئاڤێستا بەردەوامە و تا سێ مانگ کۆڵ نادەین”
964+
شۆڕش قادری
گەڕان بەدوای مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ بەردەوامە و تا سێ مانگیش تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵک کۆڵ نادەن و کون و کەلەبەری رووبارەکە دەپشکنن.
کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ 19 رۆژە مامۆستا ئاڤێستا کەوتووەتە ناو رووبارەوە و تا 11 رۆژی دیکە بەچڕی و هەموو رۆژێک دەگەڕێن، دواتر لە مانگی دووەمەدا هەفتەی دوو رۆژ واتە لە رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە دەگەڕێین و مانگی سێیەمیش هەفتەی رۆژێک و لە ناوەڕاستی هەفتەدا پشکنینەکانمان بەردەوام دەبێت”.
“لە ئێستادا بە 64 تیم و 220 کارمەندەوە لە تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران و هەولێر و شەقڵاوە و ئاکرێ، هەموو رۆژێک بە مەودای 150 کیلۆمەتر بە دوای سەرەداوێک بۆ دۆزینەوەی مامۆستا ئاڤێستادا دەگەڕێین، ئەوە جگە لەوەی خەڵکێکی زۆریش هاوکارمانن و لەگەڵمان دەگەڕێن”، کاروان میراودەلی وای وت.
باسی لەوەشکرد، لە ئاوی گەرمدا تەرم 10 بۆ 12 رۆژ خۆ دەگرێت و دواتر سەرئاو دەکەوێ، بەڵام لە ئاوی سارددا دوو بۆ سێ هەفتە دەمێنێتەوە، بۆیە ئومێد دەکەن لە دوو رۆژی داهاتوودا سەرەداوێکیان دەست کەوێ.
مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ 5ـی ئەم مانگە بۆ گەشت و سەیران، لەگەڵ بنەماڵەکەی لە هەولێرەوە چوونە دەڤەری باڵەکایەتی و لە سەر رووباری تەنگاتور حەوانەوە، بەڵام لەپڕ بەهار و سروشت و دڵخۆشیان لێبوو بەشین، براکەی کەوتە ناو رووبار و مامۆستا ئاڤێستا بۆ دەرهێنانەوەی خۆی خستەناو ئاوەکە، هەرچەندە براکەی رزگاری بوو و هاتەدەرەوە بەڵام، مامۆستا ئاڤێستا ئاو بردی و تا ئێستا بێ سۆراغە.