داواکاری گشتی هێنایە جواب
لە کرماشان مامۆستایەک بەشێوەیەکی توند لە قوتابییەکانیدا و دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە
شۆڕش قادری
لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستایەک بەشێوەیەکی توند لە چەند قوتابییەکیدا، رووداوەکە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و داواکاری گشتی پارێزگاکەی هێنایە جواب.
چەند رۆژێکە گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە مامۆستایەک لەناو پۆل بە شەق و زلە لە قوتابییەک دەدا، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا رووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ناوچەی یەکی ناو شاری کرماشان بووە و حەمید رەزا کەریمی داواکاری گشتی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، بڕیاری لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە داوە و سەبارت بەو پرسەش قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی شارەکە کردووە.
هاوکات سلێمان موحێبی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، ئەو جۆرە رەفتار و هەڵسوکەوتانە بەرامبەر قوتابیان مایەی قبوڵکردن نییە و لێپێچینەوەی جددی لە مامۆستاکە دەکەن.
دانیشتووانی پارێزگای کرماشان نزیکەی دوو ملیۆن کەسە و زیاتر لە 370 هەزار قوتابی و 26 هەزار مامۆستاشی تێدایە.