گەشتی دەرەوەی تورکیایان لێ قەدەغە کراوە

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 وەبەرهێن دەردەچێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 وەبەرهێنەری خانووبەرە لەتورکیا دەرچووە و چەند وەبەرهێنەرێکیش دەستگیرکراون.

بوومەلەرزەکەی 6.2.2023 باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە تائێستا زیاتر لە 30 هەزار گیان لەدەستدان و 90 هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە، دەرگای لەسەر بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەو وڵاتە کردەوە.

بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند: لیژنەیەکیان پێکهێناوە و پێداچوونەوە بە سەرجەم پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەن.

ئاماژەی بەوەش دابوو، هەر وەبەرهێنەرێک کەمتەرخەمی کردبێت دەستگیردەکرێت و تا کۆتایی بەدواداچوونەکەش گەشتکردنی دەرەوەی وڵات لەسەرجەم وەبەرهێنەکان قەدەغە کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەریەک لە رۆژنامەی سەباح و حورییەتی تورکی، زیاتر لە 100 وەبەرهێن فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

بەپێی دوایین ئامار کە وەزیری داد بڵاویکردەوە، شەش هەزار و 640 باڵەخانە و 87 هەزار و 857 خانووبەرە رووخاون و زیانیان بەرکەوتووە.

محەمەد یەشار، حەسەن ئالپارگوون، ئیبراهیم مستەفا ئنجوئۆغڵو و یاوز کاراکوش بەشێکن لە وەبەرهێنەرە دەستگیرکراوەکان و هەندێکیان لە کاتی هەوڵدانیان بۆ چوونەدەرەوە لە تورکیا دەستگیر کراون.