“شوقەکانی کوردستان تایبەتمەندی بوومەلەرزەیان نییە”

+964

فەهمی نەبی

بەگوتەی سەرۆکی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان، هیچ یەک لەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کورستان دروستدەکرێن، تایبەتمەندی بوومەلەرزەیان تێدا نییە، خاوەنی بەرزترین یەکەی نیشتەجێبوون لە عێراق دەڵێت پڕۆژەکەی ئێمە رەچاوی بوومەلەرزەی تیاکراوە.

دوای بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 7ی شوبات، کە هەریەکە لە تورکیا و سووریا و چەند ناوچەیەکی عێراق روویدا، بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان درزیان لێ پەیدابوو.

تۆڕی964، بەدواداچونێکی میدیایی کرد بۆ کوالێتی یەکەکانی نیشتەجێبوون ئەنجامدا.

پەیوەندیمان کرد بە هەریەکە لە بەڕێوەبەری مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییان نەدایەوە.

رێبوار خەلیل هیدایەت، سەرۆکی پێشووتری دەستەی وەبەرهێنان، هاوکات ئەندازیاری بیناسازییە بۆ تۆڕی964 قسەیکرد، ئەو دەڵێت “سەرجەم شوقەکانی کوردستان یەک شێوازە، هیچیان دیزاینی تایبەت بە بوومەلەرزەی بۆ دروست نەکراوە، تەنیا ئەو کاتەی بناغەی بۆ دادەنرێت پەیڕەوی فاکتەرێک دەکرێت کە شیش زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی بەرگەی بومەلەرزە بگرێت، بەڵام ئەوە رۆتینە”.

بەپێی زانیاریەکانی ئەندازیاری بیناسازی، ئەو مەرجانەی بۆ باڵەخانەکان دادەنرێت بۆ بەرگرتن لە بوومەلەرزە، مەرجی ئەمریکیی ACICODE و مەرجی بەریتانی و یابانییە، بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە ناوچەکان دەکرێنە زۆن، بۆ نمونە هەر زۆنێک لەسەر هێڵی بوومەلەرزە بێت، بەپێی تایبەتمەندی ئەو زۆنە باڵەخانەکە دروستدەکرێت.

نەجات نوری، خاوەن پشکی “ئەربیل وەن تاوەر” کە بەرزترین باڵەخانەی ئاستی عێراقە، دەڵێت “لەبەر ئەوەی کوردستان لەسەر هێڵی بومەلەرزە نییە، نەکراوەتە مەرج مواسەفاتی دروستکردنی باڵەخانە، بەڵام ئەو یەکەیەی ئێمە پابەندی رەچاوکردنی هەموو ئەگەرێکە بە تایبەتمەندی بوومەلەرزەشەوە”.

بەگوێرەی زانیاریەکانی ئەندازیاری، ئەو باڵەخانانەی بە پێی تایبەتمەندی بوومەلەرزە دروست دەکرێن، دەبێت ئەو مەرجانەی تێدابێت:

-ئەو خاکەی باڵەخانەکەی لەسەر دروست دەکرێت دەبێت توانای جێبەجێکردنی دیزاینی باڵەخانەکەی هەبێت.

 -شیش و کۆنکرێتی لە باڵەخانەی ئاسایی زیاتر دەبێت.

-بناغەی باڵەخانەکە توانستی جوڵانی هەبێت، بەڵام توانستەکەی سنووردارکراو بێت بەجۆرێک تەنیا بۆ مژینی ئەو جوڵەیەیە کە بەهۆی بوومەلەرزە دروست دەبێت.

-ناوبڕی دیوارەکان دەبێت بە کەرەستەی سوک بێت.