سەربازێکی سوپای تورکیا لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکان. فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ
"بەهۆی هێرشێکی پەکەکە"
سەربازێکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژرا
+964
ژووری هەواڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە هێرشێکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، سەربازێکیان کوژراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی سێشەممە بەهۆی هێرشێکی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە هەرێمی کوردستان، سەربازێکیان بەناوی بەرات مەجید دای، بە سەختی بریندار بووە و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، لە نەخۆشخانەیەکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان گیانیلەدەستداوە.
سەرەڕای ئەو پرۆسە نوێیەی ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە و پەکەکەش ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاندووە، بەڵام هێرش و پێکدادانەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە بۆسەر یەکدی بەردەوامن.
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاندووە، لە سێ رۆژی هەفتەی رابردوودا، سوپای تورکیا 97 هێرشی بۆ سەر چیا و گوندەکانی سنووری شارۆچکەى ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە.
هاوکات ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” باڵی سەربازیی پەکەکە رایگەیاند، سوپای تورکیا لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا، سێ جار بە فڕۆکەی جەنگی و 866 جار بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن، بۆردوومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
