پیسبوونی ژینگە .هەولێر.وێنە:964
لەلایەن پسپۆرانەوە
هۆشداری دەدرێت لە پیسبوونی ژینگەی هەرێم
964+
محەمەد فاتیح
شارەزایان پێیان وایە ژینگەی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو پیسبووە كە بووەتە هۆی زیادبونی نەخۆشی شێرپەنجە و لەناوچونی ئاژەڵ و پەلەوەرەكان.
ئیقبال لەتیف شارەزا لە بواری ژینگە تایبەت بە 964ـی وت، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجه لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی لە زیادبووندایە بە هۆی پیسبوونی ژینگەی هەرێمەوە بە چەندین هۆكار لەوانە پاڵاوگەكانی نەوت.
ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی پیسبونی ژینگەی هەرێمی كوردستان، زۆربوونى ژمارەى ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی هەرێم دەكرێن وموەلیدە و ئەو پاڵاوگە نەوتیانەی كراونەتەوە، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجه لە زیادبوندایە بەهۆی پیسبونی ئاو و هەواوە، یەكێك لە هۆكارەكانی پیسبونی هەواى دهۆك بوردوومانەكانی توركیايه، سەرەڕای هەبوونی چەند پاڵاوگەیەكی نەوتی نایاسایی، ئیقبال لەتیف واى وت.
ئەو شارەزایە هۆشداری دەدات و پێی وایە بە رێژەیەكی زۆر ئاو و هەواو و ژینگەی هەرێمی كوردستان پیسبووە كە هۆكاری سەرەكیش پاڵاوگە نەوتیەكانن بە تایبەتی نایاساییەكانیان كە گازی ژەهراوی بڵاودەكەنەوە و لەگەڵ داكردنی بارانیشدا پیسبوونی هەوا تێكەڵ بە ئاوەكان دەبێت و دەڵێت، دڵنیایی دەدەم لە پیسبوونی ژینگەی هەرێم كه بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە و لەناوچونی پەلەوەر و ئاژەڵەكان.
لە دیداری سلێمانی كە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو هەڵۆ مستەفا وەزیری ژینگەی عێراق تایبەت بە 964ـی وت، عێراق كەوتووەتە ژێر كاریگەری پیسبوونی ژینگە و زۆر زەرەرمەند بووە و كاریگەری خستووەتە سەر هاوڵاتیانی بە تایبەتی ئەوانەی دووچاری نەخۆشی تەنگەنەفەسی و رەبوو بوونەتەوە.