تومەن گەیشتە هەرزانترین ئاستی خۆی لە مێژوودا

964+
هێمن بەکر

دراوی تومەنی ئێرانی گەیشتە هەرزانترین ئاستی خۆی لە مێژوودا، ئێستا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە 45 هەزار و 800 تومەن.

پەیامنێری تۆڕی 964 رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12.2.2023، لە بازاڕی دراوی هەولێر، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی یەکسان بووە بە چوار ملیۆن و 580 هەزار تومەن.

هەرزانبوونی تومەن بەو رادەیە، بۆ بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئێران.

لە ساڵی 1979 کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران روویداوە تاوەکو ئێستا، بەردەوام وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابورییان بەسەر تاران سەپاندووە.

بەهۆی ئەوەی بەشێکی سەرەکی پێداویستییەکانی خەڵک لە دەرەوە دەهێندرێت و بە دۆلار دەکڕدرێت، ئەو ئاستە خراپەی تومەن کاری کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێران، بە جۆرێک ساڵانە چەندین سەرهەڵدان لەو وڵاتە دێتە ئاراوە کە داوای چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان دەکەن.