بەشێکیان ناڕازین

دوکاندارانى دارەسووتاوەکە قەرەبووەکەیان وەرگرت

دیلان محەمەد- سلێمانى

دوکاندارانى بازاڕى دارەسووتاوەکەى سلێمانى قەرەبوویان وەرگرت و بەشێک لە دوکاندارانیش ناڕازین.

رۆژى 5.4.2025، بەشێک لە بازاڕى دارەسووتاوەکەى سلێمانى ئاگرى گرت و 116 دوکان سووتان.

عەتا محەمەد، نوێنەرى جێگرى سەرۆکى حکومەت بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى زیانیان پێگەشتووە، قەرەبووکرانەوە”.

وەک باسى دەکات، قەرەبووەکە لەسەرووى ملیارێک دینارەوە بووە، هەر دوکاندارێکیش بەپێى ئەو خەمڵاندنەى بەرگرى شارستانى کردوویەتى، قەرەبوویان وەرگرتووە.

ئاشکراشى کرد، جگە لەو پارەیەى بە نەقدى پێیانداون، بڕى 100 تۆن چیمەنتۆ و تەواوى سەندویچ پەنەڵى پێویستیان بۆ دابین دەکرێت.

بەشێک لە دوکانداران لە قەرەبووەکە ناڕاز، قادر ئیبراهیم دەڵێت، ئەو زیانەى بەرى کەوتووە زیاترە، بەڵام تەنیا یەک ملیۆن دینارى وەرگرتووە.

هەرچى سۆران جەمیلە، وەک باسى دەکات سەروو 8 ملیۆن دینار زیانى پێگەیشتووە، بدوو ملیۆن دینار قەرەبووکراوەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتى بەرامبەر قەرەبووەکە نەبوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح