لە رۆژهەڵاتی کوردستان

عەزیز نێعمەتی نووسەر و شاعیری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

964+

محەمەد فاتیح

عەزیز نێعمەتی، نووسەر و وەرگێڕ و شاعیری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە تەمەنی 66 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

عەزیز نێعمەتی، لە ساڵی 1959 لە گوندی کانی سپی سەربە شاری شنۆ لەدایکبووە، پێش ئەوەی بچێتە بەر خوێندن، لای مامۆستای ئایینی گوندەکەیان، ماوەی دوو ساڵ قورئانی خوێندووە، دواتر چووەتەبەر خوێندن و پۆلەکانی سەرەتایی لە گوندەکەی تەواوکردووە.

خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە شنۆ تەواو کردووە، بڕوانامەی دیپلۆمی لە شنۆ وەرگرتووە، لە 1977 لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگای مامۆستایان (دانشسەرای ئەوکات) وەرگیراوە و دواتر وەک مامۆستا لە شاری شنۆ دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی وتووەتەوە.

لە دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و لە ساڵی 1979 بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ، چووەتە ماکۆ و لەوێش وەک مامۆستا وانەی وتووەتەوە، ساڵێکیش لە تاران و سێ ساڵیش لە تەورێز وەک مامۆستا خزمەتی کردووە.

لە شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری شنۆ، بۆ ماوەی پێنج ساڵ خزمەتی کردووە، دواتر لە زانکۆی تەورێز بەشی ئینگلیزی خوێندووە و لە ساڵی 1989 بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە، پاشان دووبارە گەڕاوەتەوە شنۆ و بۆ ماوەی 15 ساڵ زمانی ئینگلیزی وتووەتەوە، لە پۆلی سێ و چواری سەرەتاییەوە خولیای نووسین و خوێندنەوەی ئەدەبی و هونەری هەبووە و بەشداری لە چالاکییەکاندا کردووە.

وەک خۆی لە دیدارێکدا باسی کردووە، عەزیز نێعمەتی دوای مەولودنامەی مەلای باتەیی، هەڵبەستێکی مەلای جزیری لەبەر کردووە و لەوێوە خولیای ئەدەبیی بۆ درووست بووە، دواتر دەستیکردووە بە خوێندنی هەڵبەستی هاوچەرخی کوردی و فارسی.

نێعمەتی لە ساڵانی 1979 تا 1980 وەک خوێنەرێک شەیدای خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی دەبێت و شیعرەکانی قانع، هێمن، هەژار و مەلا ئاوارە دەخوێنێتەوە، هەر لەو سەروبەندەدا چەند هەڵبەستێکی هێمن دەکاتە فارسی، دواتر دەست بە نووسین دەکات، بە تایبەت لە سەردەمی خزمەتی مامۆستایی لە شاری شنۆ، پەیوەندی لەگەڵ گۆڤاری سروە دروست دەکات و دەبێتە هاوکاری بەشی کرمانجی گۆڤارەکە، هەندێک چیرۆک و بابەتیش بۆ بەشی سۆرانی گۆڤارەکە وەردەگێڕێت، ئەوە دەبێتە یەکەم وێستگەی نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.

عەزیز نێعمەتی له (11ـی نیسانی 2025)، لە تەمەنی 66 ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

نووسەر و وەرگێڕی کۆچکردوو، لە ماوەی ژیانی نووسینیدا، چەندین وتار و بەرهەمی وەرگێڕدراوی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە دەستنووسەکانی هێشتا رووناکی چاپیان نەبینیوە، لەوانە سەرجەم هەڵبەستەکانی و چەند چیرۆکێکی کوردی، کە وەریگێڕاون بۆ فارسی.

ئەدیب و رۆماننووسی کورد فەتاح ئەمیری کۆچی دوایی کرد

ئەدیب و رۆماننووسی کورد فەتاح ئەمیری کۆچی دوایی کرد