دەستگیرکردنی خاوەنی کۆمپانیای "توانا ئێف ئێکس" _ وێنە: ئاسایشی هەولێر
"گەنجی هەڵخەڵەتاندووە"
ئاسایش خاوەنی کۆمپانیای “توانا ئێف ئێکس”ی دەستگیر کرد
ئەحمەد مستەفا
ئاسایشی هەولێر، خاوەنی کۆمپانیای “توانا ئێف ئێکس”ی دەستگیرکرد و دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکەی مۆڵەتی نەبووە، دەستی هەبووە لە هەڵەخەڵەتاندنی گەنجان و فریودانیان.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی “ت.س” دانیشتووی شاری هەولێرە، ماوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکات، لە رێگەی دراوی ئەلیکرۆنی و دراوی فۆڕێکس، داهاتێکی باشی دەستکەوتووە و هانی خەڵک دەدات بەشداری و مامەڵە بە دراوەکەوە بکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.4.2025، ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار “ت، س، ع” خاوەنی کۆمپانیای “توانا ئێف ئێکس”مان دەستگیر کرد.
تۆمەتی “ت.س”، فریوودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشە کردن بووە بۆ دراوی ئەلیکترۆنی “فۆڕێکس-FOREX” لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدۆییەکانی، ئاسایش دەڵێ، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمی ئابووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەرکەوت هیچ مۆڵەتێکی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نییە.
لە هەمان راگەیەندراودا ئاسایشی هەولێر باسی لەوە کردووە، بازرگانیکردن بە دراوی “فۆڕێکس-FOREX” نا یاساییە و رێگەپێدراو نییە و بە هەدەردانی پارە و سامانی هاونیشتمانیانە، داواشیکردووە، هاوڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن لە بازرگانی و مامەڵە کردن بەو دراوە تاوەکو سامانیان پارێزراو بێت.