بۆن و بەرامەی خواردنەکانی ئیسکانی هەولێر لە بەغدایە

+964

بەغدا

گەڕەکی ئەلئەمین، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، چەند هاوڵاتیەکی ئەو گەڕەکە هەوڵدەدەن، ئەزموونی شەقامی ئیسکانی هەولێر بۆ بەغدا بگوازنەوە، ئەوان دەیانەوێت بە کردنەوەی چێشتخانەیەک خواردنی باشووری کوردستان پێشکەش بە کڕیارانی گەڕەکەکە بکەن.

چێشتخانەکە ناوی “قەلیە بلخوبزە”ە، عەلا شوکری، دانیشتووی گەڕەکی ئەلئەمینە لە بەغدا خاوەنیەتی، عەلا بەکردنەوەی چێشتخانەکە دەیەوێت ئەزموونی چێشتخانەکانی شەقامی ئیسکان لە هەولێر بگوازێتەوە بۆ گەڕەکەکەی خۆی، ئەو دەیەوێت خواردنی بەناوبانگی هەولێر و سلێمانی و نەینەوا لە چێشتخانەکەی کۆبکاتەوە.

لە چێشتخانەکە خواردنی (قەلیەی موسڵ، حەمیسی گۆشت، فاهیتای مریشک، جگەر و شۆربای گۆشت لەگەڵ بەرژەمی جۆراوجۆر پێشکەشی موشتەریەکانی دەکات.

عەلا شوکری، خاوەن چێشتخانەکەیە، بۆ تۆری 964 قسەیکرد، ئەو دەڵێت، پڕۆژەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازییەکی باشی لێکراوە، چونکە پڕۆژەکە تازەیە لە گەڕەکەکەمان، هەموو جۆرەکانی لەفە بە هەزار و پێنج سەد دینارە، ژەمێکی تێکەڵەی بچووک بە پێنج هەزار و هەمان ژەمی تێکەڵەی قەبارە گەورە بە 10 هەزار دینارە.

کڕیارێک لە چێشتخانەکە دەڵێت، “خواردنەکەیان زۆر بەتامە و شەقامی ئیسکانی هەولێرمان دەهێنێتەوە یاد ، نرخەکانیشی گونجاون، وەک ژەمێکی تەواو وایە، هەموو کەسێک دەتوانێت بیکڕێت”.

ئەوەی ئەم چێشتخانەیەی گەڕەکی ئەلئەمین جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جۆرێکی جیاوازی خواردن پێشکەش دەکات لە چاو چێشتخانەکانی بەغدا.

پێداچوونەوەی؛ فەهمی نەبی