گەڕان بەدوای ئاڤێستا بەردەوامە و کەیسەکەی مام ئازادیش دادەخرێت
"لێڵی و خوڕی ئاو و لێزمەباران کێشەی بۆ تیمەکان دروستکردووە"
گەڕان بەدوای ئاڤێستا بەردەوامە و کەیسەکەی مام ئازادیش دادەخرێت
964+
شۆڕش قادری
گەڕان بەدوای ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە و مام ئازادیش دوای سێ مانگ لە بێسەروشوێنبوونی کەیسەکەی دادەخرێت.
چوار رۆژە کچێک بە ناوی ئاڤێستا کەوتووەتە ناو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا نەدۆزراوەتەوە، کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، “لەئێستادا 85 کارمەندمان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی گەڕانن و ئاوی رووبارەکەش دەچێتە ناوچەی خەبات و لەوێوە بەڕەو موسڵ دەڕوات، بەڵام گومان دەکەین تەرمەکەی هەر لەناو گۆمەکانی ناوچەکەی خۆمان گیرسابێتەوە، بەهەموو شێوەیەکیش و لەڕێی بەلەم و درۆن و غەواسەکانمان بەدوایدا دەگەڕێین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە درێژایی 20 کیلۆمەتر خەریکی گەڕانن، بەڵام لێڵی و ساردی و خوڕی ئاوەکە و لیزمە باران کێشەی بۆ دروست کردوون و ئومێد دەکەن بە ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا و هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، تەرمی ئاڤێستا بدۆزنەوە.
ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، پێشنیوەڕۆی رۆژی 5.4.2025 کەوتە ناو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا بێسەروشوێنە.
سەبارەت بە کەیسی ونبوونی مام ئازادیش کە لە رۆژی 22.1.2025ـەوە بێسەروشوێنە، کاروان میراودەلی وتی، 22ـی ئەم مانگە کەیسەکە دادەخەن چونکە ئەوان پشت بە زانیارییەکان دەبەستن و پێدەچێت ئەو کەسە ئەسڵەن رووی لە ناوچەکەی ئەوان نەکردبێت.
ئاشکراشیکرد، بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای زین تایبەت بە تەلەفۆن و پەیوەندییەکان، چوار رۆژ دوای ونبوونی مام ئازاد، تەلەفۆنەکەی لە پیرمام و ناوچەی شەقڵاوە سیگناڵی داوە.
رۆژى 22.1.2025، ئازاد مەرعان موسا کە هاوڵاتییەکى تەمەن سەروو 50 ساڵى بەستۆرەیە، لە ماڵ دەرچووە و ئەوکات دەوترا کە بەرەو سۆران و گەلی عەلی بەگ رۆیشتووە، سەرەڕای گەڕانی تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران و هێزەکانی پاسەوانی سنوور و خەڵکی ناوچەکە، تا ئێستا هیچ سۆراغیکی نییە.