دۆمەڵانە 100 هەزارییەکە لە بازاڕدا نەما

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەمڕۆ 30 سندوق دۆمەڵان هێندرابووە بازاڕی سلێمانی و نرخەکەی بۆ یەک کیلۆ تاوەکو 100 هەزار دینار بەرزبووەوە، لای ئێوارەش لە بازاڕدا نەما و هەمووی فرۆشرا.

دۆمەڵانەکان سێ جۆر بوون، بە نرخی 40، 15 و 10 هەزار دینار دەفرۆشران، بەڵام جۆرێکی دیکەی دۆمەڵان هەبوو کە نرخەکەی گەیشتە 100 هەزار دینار.

سەرخێڵ میوەفرۆشێکی شاری سلێمانییە، بە تۆڕی 964ی وت، ئەم جۆرە دۆمەڵانە لە ئوردن دەڕوێت و هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەهاردا دێتە هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کەوتنە بازاڕی بوو.

وتیشی، نرخی دومەڵانە گەورەکە (100) هەزار دینارە و زۆر کەس دەڵێن، “تامەکەی لە گۆشت خۆشترە”.

سەرخێڵ باسی ئەوەش دەکات، ئەو دۆمەڵانە دوای چەند رۆژێکی تر و دوای ئەوەی لە بازاڕدا زۆر دەبێت نرخەکەی کەم دەبێتەوە بۆ نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار دینار.

لە سروشتی هەرێمی کوردستان لە دوای مانگی ئازار دۆمەڵانی زۆر باش دەڕوێت و دەکەوێتە بازاڕەوە، بە تایبەت لە گەرمیان کە نرخەکەیان کەمترە لە نرخی ئەو دۆمەڵانەی ئێستا بە گران دەفرۆشرێت.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر