مێردمنداڵێک لە رزگاری
پێنج ساڵە بە سواری عەرەبانەیەکەوە بە دوای خۆشەویستی تۆپی پێدا را دەكات
میلاد جەلال – گەرمیان
توانا کازم منداڵێکی 10 ساڵانە، دانیشتوی ناحیەی رزگارییە لە قەزای کەلار، حەزی زۆر لە یاریی تۆپی پێیە، بەڵام پێنج ساڵ پێش ئێستا لە کاتی یاریکردن بە پایسکلەکەی لە پێش ماڵی خۆیان، ئۆتۆمبێل لێی دەدا و توانای رۆیشتنی لەدەست دەدات، بەڵام حەزی بۆ یاری تۆپی پێ لەدەست نەداوە و بەسەر عەرەبانەیەكەوە هەموو كات لە یاریگەی یانەی رزگاری لە قەزای كەلار ئامادەیە.
توانا پێنج ساڵە لەگەڵ عەرەبانەكەی بوونەتە هاودەم و دەستلەملانێ دەچنە یاریگە و دەگەڕێنەوە، بە تایبەتی ئەو كاتانەی یانەی رزگاری یاری ھەبێت توانا دەچێتە یاریگە و تۆپ بۆ یاریزانەکان دەگەڕێنێتەوە.
توانا کازم، بە 964ى وت، “زۆرم حەز لە تۆپی پێیە، بەڵام خۆم ناتوانم یاری بکەم، ھەرکاتێكیش رزگاری یاریی ھەبێت، دەچمە یاریگە بۆ سەیری یارییەکە و تۆپیش بۆ یاریزانەکان دەگەڕێنمەوە”.
باسیش لەوە دەکات، کارەكە کەمێک قورسە بۆ ئەو، بەڵام بەھۆی حەزی زۆری بۆ تۆپی پێ، وایلێکردووە گوێ بەو ماندوویەتییە نەدات و بەدوای حەزەکانی بکەوێت.
توانا دەڵێت، “یانەی رزگاری زۆر ھاوکارمن و ھەرکات دێمە یاریگە، بە تەواوی ھاوکارییم دەکەن و سوپاسیان دەکەم”.
توانا مێردمنداڵێكی شیرینە و عاشقی وەرزشە، سەرەڕای سەختیی بارودۆخی جەستەیی، بەڵام كۆڵی نەداوە و توانیویەتی حەزی خۆی لەگەڵ تۆپی پێدا بێنێتەدی و لە یاریگە و جەماوەر و یاری دوور نەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا