ئامێری "گڕکپ" دەکڕن

گوندەکانی پێنجوێن بۆ پاراستنی ژینگە چاڵنجی یەک ئەکەن

کامیار کەمال – پێنجوێن

رێکخراوێکی پاراستنی ژینگە لە پێنجوێن بانگەوازی کرد بۆ کڕینی ئامێرێکی کوژاندنەوەی ئاگر بۆ گوندەکان و گوندێکیش دوای دەربڕینی ئامادەیی چاڵنجی دوو گوندی دراوسێی دەکات.

هێمن محەمەد خەلیفە دانیشتووی گوندی مەسۆیە و بە 964ـی راگەیاند، ئەوان وەک گوندی مەسۆ بڕیاریانداوە کە سێ ئامێری “گڕکپ” بکڕن بۆ پاراستنی ژینگەی گوندەکەیان لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر.

وتیشی، دوای بانگەوازەکەی رێکخراوی ملەکەوە ئەو بڕیارەیان داوە و بۆ هاندانیش، دوو گوندی دراوسێیان چاڵنج کردووە ئەوانیش گوندی کێلو وهەڵاڵاوان و داوادەکەن بێن بەدەم داواکاری ئەوانەوە.

باسی لەوەشکرد، نرخی هەر ئامێرێک لە نێوان 100 تا 900دۆلارەوە و بەپێی کوالێتی نرخەکەی دەگۆڕیت.

“ژینگە ماڵی هەموانە و دەبێت هەموان دەست لە دەست پێکەوە ژینگە بپارێزین و کڕینی ئەو ئامێرەش هاوکارە بۆ کوژاندنەوە ئاگر لە وەرزی هاویندا و دەبێت هەموو گوندێک هەیبێت”هێمن محەمەد وای وت.

گڕکپ کۆڵەپشتێکی تایبەتە و لە رێگای دەرکردنی هەوا ئاگر دەکوژێنێتەوە، رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە دوێنی لە بانگەوازێکدا داوای لە گوندنشینان کرد بە هەرەوەزی ئامێری گڕکپ دابین بکەن بۆ گوندی خۆیان.

بەگوێرەی ئاماری ملەکەوە، شەش گوند لە پێنجوێن گڕکپیان هەیە کە ئەوانیش، کوڕەمێو، کانی مانگ، کواوا، دۆڵەسور، دارۆخان، دەرەمیانە.

هاوکات بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان، ساڵی رابردوو هەزار دۆنم پوش و پاوان و دارستان لە گوندی هەڵاڵاوا و مەسۆ سووتان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی