چەند پێشنیارێکیان کردووە

لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی کوردستان لەسەر ھەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجان کۆبوونەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای نیگەرانی ھاوڵاتیان و روودانی حاڵەتەکانی کوشتن لەلایەن گەنجانەوە بە چەقۆ، وای لە لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان کرد، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی سنوورەکە کۆببنەوە و چەند خاڵێکیان بۆ چارەسەر پێشنیار کردووە.

لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2025 لە گەرمیان دوو گەنج بە چەقۆ کوژراون.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بە 964ـی وت، “دوای روودانی چەند حاڵەتێکی کوشتن بە چەقۆ لەلایەن گەنجانەوە،ھەروەھا لەسەر داوای ھاوڵاتیان، بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆبوینەوە، وەک چارەسەریش چەند خاڵێکمان داناوە بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی دیاردەی چەقۆ هەڵگرتن”

“سەردانی دادگاکان و لایەنە ئەمنیەکان و رێکخراوە مەدەنیەکانیش دەکەین، بۆئەوەی بە ھەمومانەوە دیاردەی چەقۆ ھەڵگرتن لەلایەن گەنجان نەھێڵین کە بەھۆیانەوە تاوانکاری و کوشتن ئەنجام دەدرێت، داواشمان لە ئەوقاف کردوە لە ڕێگەی وتاری رۆژانی ھەینی ھۆشیاری زیاتر بڵاو بکرێتەوە”،مەلا ئیدریس ژاڵەیی وای وت.

لەبارەی ئەو خاڵانەی وەک چارەسەر بۆ رێگەگرتن لە ھەڵگرتنی چەقۆ پێشنیاریان کردووە، مەلا ئیدریس ئاماژەی بەوەکرد،”داوا لە لایەنە ئەمنیەکان دەکەن ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە چڕبکرێتەوە کە چەقۆ ھەڵدەگرن، ئەو کەسانەشی بەوھۆکارانە دەستگیر دەکرێن چاوپۆشیان لێنەکرێت و سزا بدرێن، ھەروەھا بە کەفالەت و سوڵحی عەشایەری ئەو گەنجانە ئازاد نەکرێن کە بە چەقۆ تاوان دەکەن، ھەروەھا سزای ئەو دوکانانەش بدرێت کە ئەو جۆرە چەقۆیانە دەفرۆشن بۆ شەڕ بەکاردێن”.

لە مانگی رابردوو ھێزە ئەمنیەکانی گەرمیان، ھەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە دەستپێکرد کە چەقۆ ھەڵدەگرن، عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ى وت،”لەماوەی ئەو ھەڵمەتە مانگی ڕابردوو ئەنجامیان دابوو، نزیکەی 40 کەس دەستگیرکراون کە چەقۆیان پێبووە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی کوردستان لەسەر ھەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجان کۆبوونەوە