پیاوێک سەرقاڵی جیاکردنەوەی بڕێک قەیماغە _ وێنە: 964
جەژن نرخەکەی جوڵاندووە
قەیماغەکەی خانەقین بە 24 هەزار بوو ئێستا بە 32 هەزار دەیکڕی
راژان باجەڵان – خانەقین
نرخی قەیماغ لە خانەقین جوڵاوە و دەستی بە بەرزبوونەوە کردووە، هەموو ساڵێک ئەم بەزمە روودەدات لە خانەقین، ئەگەر پێش جەژن کیلۆیەکت بە 24 هەزار دینار کڕیبێت، ئێستا بە 32 هەزار دینار دەستت دەکەوێ.
کڕیارێک بە 964ی وت، رەنگە تا بەیانی بگاتە 40 هەزار دیناریش، چونکە داواکاری زۆری لەسەرە.
سەڵاح جاف، یەکێک لە شیرەمەنی فرۆشەکانی ناوبازاڕی خانەقینە بە 964ی وت، نرخی قەیماغ لە رۆژانی ئاساییدا لە نێوان 16 بۆ 24 هەزار دینار و ئێستا گەیشتووتە 32 هەزار دینار و ئەگەریش هەیە تا بەیانی بەیانییەکەی “رۆژی دووشەممە” بگاتە نزیکەی 40 هەزار دینار ئەوەش بەهۆی زۆری خواستی خەڵک لەسەری.
ئەبو مەهدی دوکاندارێکی ترە و بۆ 964ی گێڕایەوە، لە گوندەکەی خۆیان بەرهەمە شیرەمەنیەکان بەرەو بازاڕ دەهێنن لە ماست و پەنیر و قەیماغ، بەڵام خەڵکی خانەقین لە یەکەم رۆژی جەژن هەموو ساڵێک خواستیان لەسەر کڕینی قەیماغ زیاترە تەنانەت ساڵ هەیە، گەیشتووەتە کیلۆی 60 هەزار، و خاوەن ئەژەڵیش ئەمە وەکو هەل دەزانێت و بە کەیفی خۆی نرخەکەی گران دەکات و بەشێک لە خەڵکیش بێ گوێدانە نرخەکەی هەر دەیکڕن.
لە خانەقین وەکو شوێنێکی فرە نەتەوە کۆمەڵێک نەریتی جیاواز هەیە لە جەژن کە کورد و عەرەب بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، بۆ نموونە لە بەیانیان قەیماغ دەخۆن و بۆ نیوەڕۆش فاسۆلیا و قەیسی میوانی سفرەکان دەبێت.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا