یاسا چى دەڵێت؟

ئەگەر لە جەژندا کار بکەیت دەبێت خاوەنکار دوو هێندەى کرێى رۆژانەت پارەت بداتێ

وریا فەتاح

ئایا کارکردن لە رۆژانى جەژن و پشووە فەرمییەکاندا رێگەپێدراوە، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە بۆنەکانى جەژن دروست دەبێت، وەڵامى یاسایى ئەو پرسیارەش ئەوەیە، رێگە دەدرێت كرێكار به‌كار بخرێت له‌ ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژن یان پشووه‌ فه‌رمییه‌كان، بەڵام بەو مەرجەى کرێکارەکە جگە لە کرێی خۆى، دەبێت خاوەنکار کرێی دووهێندە بداتێ.

سەبارەت بە کارکردنى کرێکاران لە رۆژانى پشووى جەژن و پشووە فەرمییەکان، لە سێ ماددەدا لە یاسای کار، ژمارە (71)ـی ساڵى (1987)دا ئەم بابەتە باس کراوە کە بەمشێوەیەى خوارەوەیە:

بەپێی مادده‌ (75) كرێكار پشووی رۆژانی جه‌ژن و پشووه‌ فه‌رمییه‌ بڕیار لێ دراوه‌كان به‌پێی یاسا، به‌سه‌ر ده‌بات و كرێی ته‌واوه‌تی وه‌رده‌گرێت، واتە لە پشووە فەرمییەکاندا کرێکار مافى خۆیەتى لە پشوودا بێت و کار نەکات، هەروەها نابێت خاوەنکار لە بەرامبەر رۆژانى پشوو لە کرێیەکەى کەم بکاتەوە.

نابێت خاوەنکار لە بەرامبەر رۆژانى پشوو لە کرێیەکەى کەم بکاتەوە

بەپێی ماددە (76)، چەند حاڵەتێک هەیە کە تیایدا رێگە دەدرێت كرێكار به‌كار بخرێت له‌ ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژن یان پشووه‌ فه‌رمییه‌كان، جگه‌ له‌ پشووی هه‌فتانه‌. واتە خاوەنکار دەتوانێ داوا لە کرێکارەکان بکات لەم رۆژانەدا کار بکەن، بەڵام بەو مەرجەى کرێکارەکە لەم رۆژانەدا لە پشووى هەفتانەى خۆیدا نەبێت، هەروەها بەرامبەر ئەم کارکردنە جگە لە کرێی خۆى، دەبێت خاوەنکار کرێی دووهێندە بدات بە کرێکارەکە.

ئەو حاڵەتانەى کە رێگە دەدرێت خاوەنکار، کرێکارەکان بەکار بخات ئەم هۆکارانەن کە لە ‌مادده‌ (63)دا هاتووە کە ئەمانەى خوارەوەن:

1. ئەگەر كاركردن بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌ستانێكی نائاسایی به‌هۆی جه‌ژنه‌كان یان كاره‌ وه‌رزییه‌كان یان جیا له‌وه‌.

2. ئه‌گه‌ر كاركرن بێت له‌پێناو چاكسازی یان چاك كردنه‌وه‌ی ده‌زگا و كه‌ره‌سته ‌و ئامێره‌كان كه‌ تێكچوونیان ده‌بێته‌ مایه‌ی وه‌ستان له‌ كار یان بێکار بوونى ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كرێكاران.

3. ئه‌گه‌ر هاتوو كاره‌كه‌ له‌پێناو رێگه‌گرتن بوو له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لەناوچوونى كاڵا و به‌رهه‌مه‌كان.

4. ئه‌گه‌ر هاتوو كاركردن بێت له‌پێناو ئه‌ژمێره‌ی ساڵانه ‌و ئاماده‌كردنی بودجه‌ و ئاماده‌كردنی پاكتاوكردنی وه‌رزی و كردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێ.

لە هەموو بارێکدا، لە کاتى کارکردنى کاتژمێری زێدەکى و کارکردن لە جەژن و پشووە فەرمییەکاندا، نابێت کارکردنى ساڵانەى کرێکار زیاتر بێت لە (300) کاتژمێر لە ساڵێکدا.

وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى بڵاوى کردووەتەوە کە لە کاتى بوونى هەر سەرپێچییەک دەتوانن پەیوەندى بکەن بە هێڵى هۆشیارى کرێکاران: (07721225500 , 07511225500 , 5500) بە پەیوەندى تەلەفۆنى، واتسەپ، ڤایبەر