خوێندکارانی مایکرۆبایۆلۆجی گردبوونەوە
نایانەوێت “پزیشکی” لە نازناوەکەیان بکرێتەوە
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
خوێندکارانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی لە کۆلێژی پزیشکی، بەهۆی ناڕوونیی چارەنووسی بەشەکەیان و هەوڵدان بۆ لێکردنەوەی نازناوی “پزیشکی” لە بڕوانامەکانیان، لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر گردبوونەوە.
بەپێی قسەی خوێندکاران، کێشەی سەرەکییان پەیوەستە بە نەبوونی دانپێدانانی بەغدا و گۆڕینی نازناوی زانستییەکەیان.
باوان بەڵێن، نوێنەری خوێندکارەکان بە 964ی وت، “کێشەی سەرەکیمان دانپێدانانی بەغدایە، هەرچەندە سەرۆکایەتیی زانکۆی هەولێری پزیشکی لیژنەیەکیان ناردووە بۆ بەغدا، بەڵام لە کۆی پێنج بەشی کۆلێژەکەمان، بەغدا دانی پێدا نەناوە و راسپاردەی داوە بۆ داخستنی دوو بەشیان، کە ئێستا داخراون.”
جگە لە کێشەی دانپێدانان، گۆڕینی نازناوی بڕوانامەکانیان نیگەرانیی لای خوێندکاران دروستکردووە. رۆڤیا محەمەد، یەکێکی دیکە لە خوێندکارەکان بە 964ی وت، “ئێمە لە کۆلێژی زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی دەخوێنین و نمرەی وەرگرتنمان لە 86ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت نازناوە پزیشکییەکەمان لێ بکەنەوە و تەنها نازناوی مایکرۆبایۆلۆجیمان پێبدەن.”
ئەو خوێندکارە وتیشی، “ئەم هەنگاوە غەدرێکی گەورەیە، چونکە بەو نازناوە نوێیە، وەک ئەوە وابێت ئێمە لە کۆلێژی زانست خوێندبێتمان نەک لە کۆلێژی پزیشکی، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر چارەنووس و دامەزراندنی داهاتوومان دەبێت.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح