دوای دوو ساڵ

چارەنووسی هەناردەکردنەوەی نەوت بە نادیاری ماوەتەوە

ژووری هەواڵ

ماوەی دوو ساڵە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ دەرەوە راگیراوە، ئەو مەرجە نوێیانەی کە بەردەوام لە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەخرێنەڕوو، پرسەکەیان ئاڵۆزتر کردووە و چارەنووسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش بە نادیاری ماوەتەوە.

هەرچەندە لەدوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت چڕتر بوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێئەنجام بوون.

د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، گرفتی سەرەکیی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت دوو مەرجی کۆمپانیا نەوتییەکانە؛ یەکەمیان گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکانی پێشوو و داهاتوو، دووەمیشیان حکومەتی عێراق دان بنێت بەو گرێبەستانەی کە لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم واژۆ کراون.

گرفتێکی دیکە کە بە وتی د. شێرکۆ جەودەت لاوەکییە، ئەوەیە حکومەتی هەرێم داوای 140 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لەکۆی ئەو 300 بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بڕیارە رۆژانە بەرهەمبهێنرێت.

دواین جار لە رێکەوتی 12.3.2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە کۆبووەوە و رایگەیاند، هەردوو وەزارەتی حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و تەواوکردنی پێداویستی و رێکارەکانی هەناردەکردن.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستانیش کە بە “ئەپیکۆر” ناسراوە، ناڕازییە لە رێکارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و دەڵێت، “بۆمان رونبویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات، کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگیرێت”.

کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەی ئەپیکور ئەو هەنگاوانەی عێراقیان بە “قبوڵنەکراو” ناوبردووە و دەڵێن، “تاوەکو پابەندبوونێک لە حکومەتی عێراقەوە نەبێت، ئامادەنین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەین”.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەپیکۆر، زیانەكانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 28 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.