نانیان لە خێرخوازەوە بۆ دێ
لە مزگەوتێکی کەلار چەند گەنجێک چوونەتە خەڵوەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ژمارەیەک گەنج لە یەکێک لە مزگەوتەکانی کەلار، کە دەڵێن زیاتر لە 10 کەسن نزیکەی 10 رۆژە لە مزگەوت نەهاتوونەتە دەرەوە و چوونەتە خەڵوەتەوە.
ئەوان دەیانەوێ، لەو ماوەیەدا و 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان لە مزگەوت بمێننەوە و تاعەت و عیبادەت بکەن.
محەمەد رۆکان، یەکێکە لەو گەنجانە بە 964ى وت، لە ماوەی 9 رۆژی رابردوو لە مزگەوت ماوینەتەوە بۆ ئەنجامدانی تاعەت و عیبادەت، بڕیارمان وابووە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ نەچینە دەرەوە، تائێستا ئەو حاڵەتە پێویستەش رووینەداوە.
گەنجەکان دانیشتووی ناو قەزای کەلارن، بە پەیوەندی تەلەفۆنی و لە رێگەی سۆشیال میدیاوە قسە لەگەڵ کەسوکاریان دەکەن، محەمەد رۆکان ئاماژەی بەوەکرد،”ھەرکات مانگ بینرا و کرا بە جەژن، ئەوانیش لە خەڵوەت دەردەچن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان”.
لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا، خەڵکی خێرخواز و خواپێداو نانی ئێوارە بۆ ئەو گەنجانە دابین کردووە.