ناحیەی دارەتوو

شەقامەكەی سەرۆكی حكومەت چوار مانگە كاری تێدا ناكرێت

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ئەو شەقامەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان کردییە دیاری بۆ خەڵکی ناحیەی دارەتوو، زیاتر لە چوار مانگە کارکردن تێیدا وەستاوە، کۆمپانیاکەش داوای 750 ملیۆن دینار لە کۆی دوو ملیار و 400 ملیۆن دەكات بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە.

رەوەند قادر، بەڕێوبەری شارەوانیی دارەتوو بە964ی وت، راستە کارکردن لە پرۆژەکان نزیکی چوار مانگە وەستاوە، بەڵام ئەوان وەک شارەوانی هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی کارەکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ سوودن”.

باسی لەوەش کرد، ئەوان چەندین جار نووسراوی فەرمییان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بەڵام هەوڵەکان سوودیان نەبووە، کۆمپانیای جێبەجێکار ئێستا داوای 750 ملیۆن دینار دەکات لە کۆی دوو ملیار و 400 ملیۆن، بەڵێنیشی پێدراوە”.

بڵند جەبار، ئەندازیاری پرۆژەکە بە 964ی، وت، بەهۆی پێنەدانی پارەی پێویست کارکردن لە پرۆژەکە وەستاوە، زیاتر لە 58% کارەکانی تەواو بووە.

964 ئەوەی زانیوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار دراوە نابێت بەهیچ جۆرێک ئەو پرۆژەیە بوەستێت، بەڵام بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی کارەکانی وەستاندووە، لە کاتێکدا ئەو پرۆژەیە دیاری سەرۆکی حکومەت بوو بۆ گەڕەکی ژینی ناحیەی دارەتوو.

شەقامەکە ناحیەی دارەتوو دەبەستێتەوە بە گوندی باغەمرە شەهاب و گەڕەکی ژین، تەنیا گەڕەکی ژین زیاتر لە پێنج هەزار خێزان لێی نیشتەجێین، جگە لەوەی رێگای زیاتر لە دە گوندیشە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی دارەتوو

شارەوانیی دارەتوو "پێش تا بەڕەیان بە خۆداداوە"