ناحیەی باسرمە

بە هەزاران ماسی لە رووباری مۆتراوە مردن

964+

ئاکام غەفور-سۆران

بەهەزاران ماسی ورد و بچوک لە رووباری مۆتراوەی نزیکی ناحیەی باسرمە مردوون و گومانیش دەکرێت دەرمانخوارد کرابن.

ئیسماعیل خالید، هاوڵاتییەکی ناحیەی باسرمەیە، گرتەڤیدیۆکانی بۆ 964  ناردووە و دەڵێت، ئەمڕۆ بە مەبەستی کردنی کوزەڵە چوومە رووباری مۆتراوە، بینیم بە هەزاران ماسی لە گۆمە بچوکەکانی رووبارەکە کەوتون و مردوون، کە دیمەنەکەم بینی زۆر ئازاریدام و تاوانێکی گەورە بەرامبەر ئەو ماسیانە کراوە بەشی هەرە زۆریان ماسی زۆر بچوکن.

وەک ئەو هاوڵاتییە باسی دەکات، هەر لە لێواری رووبارەکە چەندین دەبە و قوتوی دەرمانی قڕکەر و رشاندنی رەز و باخی لێ بووە، کە دەکرێت ئەو دەرمانە، کە ماددەی کیمیاوی تێدایە، تێکەڵی ئاوەکە بووبێت و بەهۆیەوە ماسییەکان مردبن.

964 بەدواداچونی بۆ بابەتەکە کرد و رەزا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە، بۆ 964 وتی، ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووین لە رێگای ئێوە پێمان زانیوە، بەیانی بەدواداچون بۆ هۆکاری مردنی ئەو ماسییانە دەکەین، هەر کەسێک تاوانبار بێت سزای یاسایی خۆی وەردەگرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خاوەن ئاژەڵەکانی باسرمە ئاگادار دەکرێنەوە

خاوەن ئاژەڵەکانی باسرمە ئاگادار دەکرێنەوە