بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی ئاو بۆ 964 دەدوێ

سێ بەنداوە گەورەکەی کوردستان چەندیان ئاو گلداوەتەوە؟

شۆڕش قادری

بەهەر سێ بەنداو گەورەکەی کوردستان، زیاتر لە سێ ملیار و 607 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان گلداوەتەوە و پشکی شێریش بەر بەنداوی دوکان کەوتووە.

ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، “لەئێستادا بەنداوی دوکان زیاتر لە یەک ملیار و 876 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، 42 بۆ 45 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و لە هەر چرکەیەکدا 70 مەتر چوار گۆشە ئاو بەردەداتەوە و کۆی بارانبارانیش لە دوکان ئەمساڵ 168 ملم بووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد،بەنداوی دەربەندیخان یەک ملیار و 692 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، 17 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و لە هەر چرکەیەکدا 20 مەتر چوارگۆشە ئاوی لێ دەڕوات و کۆی بارانبارنیش لە دەربەندیخان ئەمساڵ 320 ملم بووە”.

هەرچی بەنداوی دهۆکیشە، 39 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و لە هەر چرکەیەکدا 6 مەتر چوارگۆشە ئاو بەردەداتەوە و کۆی بارانبارینیش لە دهۆک ئەمساڵ گەیشتووەتە 102 ملم باران.

جگە لە بەنداوەکانی دهۆک، دەربەندیخان و دوکان، لە هەرێمی کوردستان 20 بەنداوی مامناوەند و بچوکیش هەن.