ئاماری رێكخراوێكی مافى مرۆڤ

مانگانه‌ لانیكه‌م 4 كۆڵبه‌ر له‌ناوچه‌ سنووری و شاخاوییه‌كان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوی مافی مرۆڤی هانا ئامارى 15 مانگى رابردووى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌پێى ئاماره‌كه‌ش مانگانه‌ لانیكه‌م چوار كۆڵبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌پێی ئاماره‌كه‌ كه‌ لە ماوەی ساڵى رابردوو و سێ مانگی ئه‌مساڵ تۆماركراوه‌ 63 كۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکان و رێگا شاخاوییەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەی بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانەوە بووە و 284 كۆڵبه‌ریش برینداربونه‌.

لەساڵی 2024دا، زیاتر لە 59 كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە كە 41 کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران كوژراون.

هانا، كە رێكخراوێكی كوردی رۆژهه‌ڵاته‌ و لە راپۆرتێكی تایبەتدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ئه‌و كۆڵبەرانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و بریندار بوونه‌، لە کاتی گواستنەوەی کەلوپەل لە ناوچە سنورییەکانی وایان به‌سه‌ر هاتووه‌.

زۆرینەی ئه‌وانه‌ى گیانیان لەدەستداوه‌ یاخود برینداربوونه‌ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی سوپا و پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە بووە و هه‌ندێكیشیان بەهۆی بەفربارین، سه‌رماوسۆڵى سه‌رسنووره‌كان، تەقینەوەی مین، کەوتنەخوارەوە لە شوێنە بەرزەکان و روداوی هاتوچۆ بووه‌.

لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ چوار كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە

ته‌نیا لە سێ مانگی سەرەتای ئه‌مساڵ چوار كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە كە دوو کەسیان بە تەقەی راستەوخۆ و دوو کەسەکەی دیکەش بەهۆی سەرما و رۆچونی زەوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها  و 13ی دیکەش برینداربون.