گوڵەگەنم، شووتى، داربەڕوو
سەیدسادق بە پەیکەرەکان بناسەوە
964+
وریا فەتاح
لەماوەى رابردوودا سێ پەیکەرى هێمادار لە ناوەندى قەزاى سەیدسادق بە سەرپەرشتى سەرۆکایەتى شارەوانى شارۆچکەکە دانراون کە بوونەتە پێناس و شوناسى ڕاستەقینەى ناوچەکانیان.
شارەوانى سلێمانى لە راپۆرتێکى ڤیدیۆیدا بڵاوى کلادەوە، (گوڵەگەنم، شووتى، بەڕوو) دیارترین پەیکەرەکانى شارۆچکەى سەیدسادقن کە لەنێو بەشێک لە فولکە و ناوەندى چوارڕیانى شارۆچکەکەدا جێگیرکراون و هەر یەکێکیان گوزارشت لەو ناوچەیە دەکات کە لێى دانراوە، پەیکەرەکان خۆبەخشانە لەسەر ئەرکى کۆمەڵێک کەسایەتى و بەسەرپەرشتى ڕاستەوخۆى سەرۆکایەتى شارەوانى سەیدسادق جێگیرکراون.
جەمال جەلال، فەرمانبەرى شارەوانى سەیدسادق کە خاوەنى بیرۆکەى دانانى پەیکەرەکانە، رایگەیاند، دانانى ئەو پەیکەرانە بەشێکن لە شارەستانییەت، بۆیە بیرم لەوەکردەوە هەندێ رەمز و سیمبوڵ بکەین بە پەیکەر کە پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەبێت.
لە دیدى ئەو خاوەن بیرۆکەیەوە ئەو سێ پەیکەرە ماناى جیاواز و تایبەت بەخۆیان هەیە کە سیمبووڵى ناوچەکەن، بۆنمونە گوڵە گەنم گوزارشتە لە دەشتى شارەزوور کە بەگەنم ناسراوە، داربەڕوو گوزارشتە لە سروشتى کوردشتان و بنارى چیاى سورێن کە بە بەڕوو داپۆشراوە، شوتی گوزارشتە لە پێنجوێن و گوندێکى سنوورى سەیدسادق کە ساڵانێکە بە شوتى ناسراوە.
بونى ئەم پەیکەرانە جگەلە دیوە هونەرى و فەنتازییەکەى؛ لەهەمانکاتدا شوناسێک دەداتە ناوچە و گەڕەکانى سەیدسادق و پێى دەناسرێنەوە، لەکاتێکدا پێشتر هەندێک لەو فولکانە ناوێکى ناجۆریان هەبوو.