واژۆکردنى گرێبەستى پڕۆژەى شارى تەندروستى لە زیقار...وێنە: نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق
حەوت نەخۆشخانە و 700 بێدى خەو لەخۆى دەگرێت
پڕۆژەیەکى گەورەى پزیشکى لە عێراق دروست دەکرێت
964+
وریا فەتاح
حکومەتى عێراق یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە تەندروستییەکان لە پارێزگاى زیقار دروست دەکات، لە 13 دامەزراوەى پزیشکى پێکدێت و 700 بێدى خەو لەخۆى دەگرێت.
سەیف بەدر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى عێراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى وت،”پڕۆژەی شاری پزیشکی لە ناسریە کە گرێبەستەکەى لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە لەگەڵ کۆمپانیای چینی (CSCEC) واژۆکراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکانی عێراق”.
490 ملیار تێچووى پڕۆژەکەیە
جەختی لەوە کردەوە کە “پرۆژەی شاری پزیشکی و کەرتی پزیشکی بە گشتی لە لوتکەی ئەولەویەتەکانی حکومەتدان”، جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەم کەرتەدا بۆ پێشخستنی چاکسازییە پێکهاتەییەکانی ماوەتەوە، بەتایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی و پڕۆژەکانی خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان، کە بازدانێکی چۆنایەتییان بەدەستهێناوە.
ئاماژەی بە “هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ دروستکردنی حەوت نەخۆشخانە لە سەرانسەری پارێزگاکان، تەواوکردنی پڕۆژەکانی نەخۆشخانە وەستاوەکان، و گرتنەبەری ڕێبازێکی هاوبەشی بەڕێوەبردن و کارپێکردن لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان”.
روونیشى کردەوە، پڕۆژەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و لە ماوەى سێ ساڵدا تەواو دەبێت.
“پرۆژەکە 13 دامەزراوەی پزیشکی سەربەخۆ لەخۆیدەگرێت، لەنێویاندا 7 نەخۆشخانە کە توانای کۆی گشتی 700 قەرەوێڵەیان هەیە، ئەوانیش نەخۆشخانەی سەرەکی کە 200 قەرەوێڵەییە، هەروەها نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەندی منداڵان کە 100 قەرەوێڵەی تێدایە، نەخۆشخانەی تایبەت بە ئافرەتانى 100 قەرەوێڵەیى، لەگەڵ سەنتەری نەخۆشییەکانی خوێن و چەندین کلینکى راوێژمارى و سەنتەرى تایبەتمەند و بانکى خوێن و سەنتەرى لێکۆڵینەوەى پزیشکى و ماڵى پزیشکان”، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى وا دەڵێت.
پڕۆژەکە لەسەر رووبەرى 132 دۆنم زەوى دروست دەکرێت، قۆناغى یەکەمى پڕۆژەکە 93 دۆنم لەخۆى دەگرێت و ئەوەى دەمێنێتەوە بۆ قۆناغى دووەمە.
دواى 40 ساڵ یەکەم نەخۆشخانەى گشتی لە بەغدا كرایەوە