نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

سوپاسى ئەردۆغانم کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو هێورکردنەوەی گرژییەکان

964+

وریا فەتاح

ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا، له‌ کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، کۆبووەوە.

بەپێى راگەیەندراوى سەرۆکایەتى هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیەکی تێروته‌سه‌ليان دەربارەی بەهێزکردنی هاریکاریی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بیروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندیی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی گەشەپێدان و پاراستنى سەقامگیری، لە ناوچەکەدا کردەوە.

وەک ئەوەى سەرۆکایەتى هەرێم بڵاوى کردووەتەوە، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کرایەوە و هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە دیالۆگ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

ئاشکراشى کردووە کە سەرۆکى هەرێم، سوپاسى ئەردۆغانى کردووە بۆ سەرکردایەتی و هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسايش و ئاراميى ناوچەکە.