نەخۆشخانەى شەعب لە بەغدا...وێنە: ئاژانسى دەنگ و باسى عێراق
نەخۆشخانەى شەعب
دواى 40 ساڵ یەکەم نەخۆشخانەى گشتی لە بەغدا كرایەوە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ شەممە 4.1.2025، نەخۆشخانەی شەعب لە بەغدا، دەرگاکانى بەڕووى نەخۆشاندا کردەوە و ژمارەیەکى زۆر پزیشکى پسپۆڕ بە پێشکەوتوترین ئامێرى پزیشکى پێشوازى لە نەخۆشان دەکەن.
پێش سەرى ساڵى 2025، محەمەد شیاع سودانیی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نەخۆشخانەکەى کردەوە و لەوێش رایگەیاند، نەخۆشخانەکە باشترین خزمەتگوزارى پێشكەش بە هاوڵاتیان دەکات.
نەخۆشخانەکە یەکێکە لە پێشکەوتوترین نەخۆشخانەکان لە سەر ئاستى عێراق، 246 قەرەوێڵەییە و بە شێوەیەکى مۆدێرن و سەردەمییانە دروستکراوە.
بە وتەى سودانى، لە چوار دەیەى رابردوو ئەوە یەکەم نەخۆشخانەى حکومى و گشتییە لە بەغدا دروست دەکرێت.
وتیشی، نەخۆشخانەکە بە شێوەیەک خزمەتگوزارى پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکات، چیتر پێویست ناکات عێراقییەکان بۆ چارەسەرى پزیشکى روو لە دەرەوەى وڵات بکەن.
نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەرى 16 دۆنم زەوى دروستکراوە و بەشی پزیشکی جۆراوجۆر و کلینیکەکانی راوێژکاری لە پسپۆڕییە جیاوازەکان، بەشی نەشتەرگەریی گشتی، تاقیگەیەک و بانکی خوێن، شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی پزیشکی نیشتەجێ کە پێکهاتووە لە 75 شوقە، لەخۆدەگرێت، جگە لە کافتریا و شوێنی دانیشتن بۆ سەردانیکەران و باخچەی دەرەوە و ناوەوە، هەروەها ئامێری چارەسەری پزیشکی جۆراوجۆری پێشکەوتوو و مۆدێرنیشی تێدایە.