بۆ ئاسایش و ژینگە

ئێران مەرجی نوێ بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز دادەنێت و باج دەسەپێنێت

وریا فەتاح

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، لەمەودوا هەر کەشتییەک بییەوێت لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕبێت، دەبێت باجی “دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ژینگە” بدات بە کۆماری ئیسلامی.

بەپێى ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنەکە داویەتى، ئێران تا کۆتاییهاتنی تەواوەتی شەڕ لە ناوچەکە، چاودێری و کۆنترۆڵی وردی هاتووچۆی کەشتییەکان دەکات.

سکرتاریەتی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رێگەی ئەم گەرووەوە پڕدەکرێنەوە، ئەمەش وەک “هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئێران” وەسف کراوە.

لەبارەى مەرجەکانى تێپەڕبوونى کەشتییەکانەوە، لە بڕیارەکاندا هاتووە کە کەشتییەکان ناچار دەکرێن زانیاری تەواو بدەنە ئێران، بڕوانامەی تێپەڕبوون بەپێی “بارودۆخی جەنگ” وەربگرن و تەنیا لەو رێڕەوانە بڕۆن کە تاران دیارییان دەکات.

“هەر کەشتییەک تێپەڕێت، دەبێت تێچووی خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش، سەلامەتی و ژینگەپارێزی بدات”، لە بڕیارەکاندا وا هاتووە.