"شارەوانی کرێکاری کەمە"

زبڵ و خاشاک شەقام و کۆڵانەکانی خورماتووی داپۆشیوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

زیاتر لە مانگێکە زبڵ و خاشاک، شەقام و کۆڵانەکانی خورماتووی داپۆشیوە و کەسیش خۆی ناکا بە ساحەبی، بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، لەبەر کەمی کرێکار و ئۆتۆمبێل بۆیان کۆ نابێتەوە.

عیماد عەبدوڵا دانیشتووی گەڕەکی ئەقسۆی خورماتوو بە 964ـی وت، “بەردەوام گرفتی پیسبوونی ژینگە و ناشیرینکردنی شەقام و گەڕەکەکانمان هەیە، چونکە خەڵکانێک فێربوون زبڵ و خاشاکەکانیان لەسەر شەقام و ناو ماڵەکان فڕێدەدەن و ئەوەش مەترسی لەسەر تەندروستیمان دروست کردووە، داوا دەکەین لایەنی پەیوەندیدار چارەی ئەو دۆخە بکات”.

بۆ ئەو بابەتە 964  چەند جارێک پەیوەندیکرد بە مەرعی رەشید بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

قاسم عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو بە 964ـی وت، “کەمی کرێکار و ئۆتۆمبێل گرفتی سەرەکی شارەوانییە، چونکە تەنیا 25 کرێکاران هەیە و فریاناکەون دەمودەست زبڵی سەرجەم گەڕەکەکان لاببەن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێکی نابەرپرس بە ئۆتۆمبێل زبڵ و خاشاکی ماڵەوەیان دەبەن و لەسەر شەقام و کۆڵانەکان فڕێیدەدەن”.

وتیشی، لەئێستادا شارەوانی بەشێوەی گرێبەست بۆ ماوەی سێ مانگ، ناوی 30 گەنجیان تۆمارکردووە وەک کرێکاری پاککەرەوە کاربکەن و لەماوەیەکی نزیکدا دەستبەکار دەبن، بەوەش ئەرکەکانی شارەوانی تاڕادەیەک ئاسان دەبێت و چیتر ناهێڵن بەو شێوەیە زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان کۆبێتەوە.

ساڵانێکە دانیشتووانی خورماتوو بەدەست نەبونی پارک و باخچە و کەمی رێژەی سەوزاییەوە دەناڵێنن، ئەوە کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لەسەر شەقام و کۆڵانەکانیشی هاتەسەر.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی خورماتوو ...

فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی خورماتوو قەدەغە کرا

گۆڕستانەکانی خورماتوو لە زبڵ و خاشاک نوقم بوون

گۆڕستانەکانی خورماتوو لە زبڵ و خاشاک نوقم بوون