ساتی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی بەڕێوەبەری کارەبای دوکان. فۆتۆ: قایمقامیەتی دوکان
لەسەر داوای خۆی بووە
بەڕێوەبەری كارەبای دوكان لە پۆستەكەی بەخشرا
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای نۆ مانگ لە دەستبەكاربوونی و لەسەر داواكاری خۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20.3.2025 بەڕێوەبەری كارەبای دوكان لە پۆستەكەی بەخشرا.
بەپێی بەدواداچوونی 964، مەولود عەبدولڕەحمان، فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی كارەبای دوكان دەبێت بە بەڕێوەبەری تازەی كارەبای دوكان.
لەبارەی دەستبەرداربوون لە پۆستەكەی، عەلی محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی كارەبای دوكان بە 964ـی وت، دوای ئەوەی لەسەر داوای خۆم و بە نوسراوی فەرمی، مانگێك بەر لەئێستا 10.2.2025 داوای بەخشینم كرد لە پۆستەكەم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داواكارییەكەم گەڕایەوە و لە پۆستەكەم بەخشرام و ماڵئاوایم لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای دوكان كرد.
“وەكو خۆم هەرگیز حەزم بە پۆست نەكردووە، پێشتریش كە بەرپرسیاریەتیەكەم وەرگرتووە بەتەكلیف و لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و قایمقامی دوكان ئەركەكەم لەئەستۆ گرتووە” عەلی محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی 30 ساڵە لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای دوكان خزمەت دەكەم و لە فەرمانبەرییەوە هێناومە تا بەرپرسی هۆبە و بەرپرسی بەش و كۆتا پلەشم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكەم لەئەستۆ بوو، ئێستاش ماڵئاوایم لە پۆستەكەم كردووە و لە دەستپێكی دەوامەوە وەكو فەرمانبەر راژەكەم دەگوازمەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی سلێمانی.
عەلی محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و قایمقامی دوكانیشەوە پێشنیاری مانەوەیان بۆكردم و ئارەزوویان دەكرد لەپۆستەكەم بەردەوام بم، بەڵام خۆم دەستبەرداری بەرپرسیاریەتیەكەم بووم و راژەكەم دەگوازمەوە بۆ سلێمانی.
پێداچوونەوە: هاوبەش