گروپێک ناهێڵن بەڕازیلی لەناوبچێ

“هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی ڤۆڵکس واگن،لە جۆری پاسات لەناو کورد دا کە بە بەڕازیلی ناسراوە ئێستاش هەوادار و بەکارهێنەری خۆی هەیە و زیاتر لە 50 کەس لە هەولێر، گروپێکی بەڕازیلیان داناوە بەناوی بەڕازیلی هەولێر.

هەندێکیان هەن دەعامییەکەیان ئستیلە پێی دەڵێن، دەعامی ڕێوی.

هەژار قاسم سەرۆکی گروپی بەڕازیلی هەولێرە بۆ 964 باسی لەوەکرد، خەڵکێکی زۆر یادگاری لەگەڵ ئۆتۆمبێلی بەڕازیلی هەیە ئێمە بۆیە ئەم گروپەمان داناوە، تا هەفتانە کۆببینەوە و دەردەچین بۆ ناوچە جیاوازەکان، ئەوانەی ئێستا لەلای ئێمە، لە ساڵانی 1983 و 1984 دروستکراون.

ئەو مۆدێلەی بەڕازیلی مەکینەکەی باشە، بە هەموو جۆرە بەنزینێک دەڕوات تەنانەت گەر نەوتێکی باشیشی تێبکەیت هەر ئیش دەکات، هەژار دەڵێ، خۆم بە نەوت لێمخوڕیوە.

هەژار و هاوپیشەکانی لە گروپەکە، جگە لە حەز و ئارەزوەکەیان کاری چاککردنەوە و نوێکردنەوەی بەڕازیلیش دەکەن، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ئۆتۆمبلێکیان لایە هی هاوڵاتییەکە باوکی لە ساڵی 1984 خۆی لە شەریکە ڤۆڵکس واگن کڕیوویەتی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا