لە خوار 18 ساڵ چوونەتە شوێنەکان

لە سلێمانی شەش هۆڵی گەیم سەنتەر و بلیارد داخران

شۆڕش قادری

شەش هۆڵی گەیم سەنتەر و بلیارد لە سلێمانی داخران، لەبەر ئەوەی کامێرای چاودێرییان نەبووە و رێگەشیان بە مێردمنداڵان داوە بچنە شوێنەکان و یاریی بکەن.

قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و ئەو مەرجانەی بۆیان دانراوە، لیژنە هاوبەشەکانیان هەریەکە لە (گەیم سەنتەرەکانی باڤین، باڤەر لە تاسڵوجە و کافتریای گەنجانی تاسڵوجە، گەیم سەنتەری میللی مۆڵ، بلیاردی جۆکەر و بلیاردی ئاغا لە راپەڕین)یان داخستووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی راپۆرتی لیژنەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، کە سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانییە، ئەو شوێنانە سەرەڕای ئەوەی وەک پێویست کامێرای چاودێرییان دانەناوە و کاریان پێنەکردووە، رێگەیان داوە کەسانی خوار هەژدە ساڵ سەردانیان بکەن، کە پێچەوانەی رێنماییەکانە.