لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە. وێنە:964+
وەزارەتی پەروەردەی كوردستان
نمرەی قوتابیان لە ئەپلیكەیشنی (ئی- هەڵسەنگاندن) رادەگەیەندرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی پەروەردەی كوردستان دەڵێت، نمرەی قوتابیان بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی 9 ی بنەڕەتی و 12 ی ئامادەیشەوە لە ئەپڵیکەیشنی (ئی- هەڵسەنگاندن) رادەگەیەندرێت.
وەزارەتی پەروەردە لە سۆشیال میدیای خۆیەوە رایگەیاندووە، مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات، دەتوانن سوودمەند بن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنی ( ئی – هەڵسەنگاندن ) پاش خۆتۆمارکردنیان لە رێگەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی.
هەروەها رایگەیاندووە، ئێستادا نوێترین ڤێرژنی ئەپڵیکەیشنی ( ئی – هەڵسەنگاندن) بەردەستە، کە چەندین بابەتی نوێی تێدا دانراوە ، جیا لەوەی بابەتەکانی دیکە وەک خۆیان ماون کە ( نمرەی قوتابی ) و ( هەڵسەنگاندنی قوتابی) و ( ئەرکی ماڵەوە) و ( خشتەی وانەکانی هەفتە) و ( کاتی تاقیکردنەوەکان ) و ( وریاکەرەوەکان).
ئاماژە بەوەش دەكەن لە ڤێرژنی نوێدا ئەم بابەتانەش زیادکراون:
*راهێنانی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان زیادکراوە و دانراوە ، کە چەندین کۆرسی راهێنان بۆ مامۆستایان ئامادەکراوە لە چەندین بواری پەروەردەی و پێداگۆجی، بە ڤیدیۆ و نووسین و فایل و کاری گرووپکاری، بە پێشکەوتووترین شێوە مامۆستایان دەتوانن سوود لە بابەتەکان وەربگرن .
*بەدواداچوونی نووسراوەکان زیادکراوە ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی (وەزارەتی پەروەردە)، دەتوانن لە رێگەی نووسینی ژمارەی نووسراوەکەیان و ژمارەی مۆبایلەکەیان گەڕان بکەن بۆ مامەڵەی نوسراوەکانیان لەوەزارەت ، هەر جوڵەیەک و پەراوێزێک و واژۆکردنێک لە مامەڵەکانیان رووبدات دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە ئاگاداری بن، بە نموونە نووسراوێک کاتێک لای وەزیرەوە پەراوێزدەکرێت بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتیی ناو وەزارەت لەوێشەوە بۆ بەڕێوەبەرێک یان بەرپرسی هۆبەیەک تا گەڕاندنەوە و واژۆکردنی لەلایەن وەزیر، یان بەڕێوەبەری گشتییەوە دەتوانن ئاگاداری بن بە دیجیتاڵی، ئیدی پێویست ناکات لە زاخۆ یان گەرمیانەوە بێیت بۆ دیوانی وەزارەت و بەدواداچوون بکەیت بۆ مامەڵەکەت.
* بۆ مامۆستایان و قوتابیان، کتێبخانەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە و دانراوە کە بە پێشکەوتووترین شێواز دیزاین کراوە ، کە هەر لاپەڕە یان کتێبێک بخوێنیتەوە لای وەزارەت دیار دەبێت کە بەچەند کاتژمێر و خولەک خوێندراوەتەوە ، جیا لەوەی مامۆستا دەتوانێت قوتابیەکان هانبدات بۆ خوێندنەوە، کتێبەکانی ناو کتێبخانەی ئەلیکترۆنی پەروەردەین بە زمانەکانی( کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) بەردەستن بۆ مامۆستایان و قوتابیان.
· بۆ مامۆستایان و قوتابیان (رێنمایی خێزان) زیادکراوە و دانراوە ، دایک و باوک دەتوانن سوودمەند بن، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەیان دەکەن، فێرکارییە بەراییەکانی ئاکار و رەوشت؛ بەها رەفتارییەکان؛ چۆنیەتی هاوکاری منداڵان لە نووسین و خوێندنەوە؛ چۆنیەتی گەشەپێدانی زمانی منداڵ ؛ خێزان چی بکات بۆ پشووی هاوینەی منداڵەکانیان ؛ هۆشیاری تەکنەلۆژیا ؛ کەمسەرنجی و فرەجوڵە ADHD ، بیرکۆڵی دێسلێکسیا ؛ مامەڵەی منداڵی ئۆتیزم ؛ سترێس لەکاتی تاقیکردنەوەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار ، چەندین بابەت لەسەر خۆراک و تەندروستی کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئامادەکراوە، کارامەییەکانی ژیان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو بڕیاردان و چارەی ناکۆکی .
* بۆمامۆستایان و بەخێوکاری قوتابیان ، ریزبەندی قوتابخانەکان زیادکراوە و دانراوە ؛ وەزارەتی پەروەردە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەکات کە بەسەر چوار ئاستدا پۆلێنیان دەکات و ئاستی چوارەم بەرزترین ئاستە کە قوتابخانە بە دەستیدەهێنێت ، ئەنجامەکانی بە نمرە و ئاستەوە لێرە دانراون ، مافی هەموو دایک و باوکێکیە بزانێت کە ئاستی قوتابخانەی منداڵەکەی چۆنە وە هانی دەدات کە هاوکاربێت لەبەرەو پێشبردنی ئاستی قوتابخانەی منداڵەکانی.
*بەشی ڕاپرسی زیادکراوە ، وەزارەت بۆ ئەوەی بیەوێت راپرسی مامۆستایان یان بەخێوکارانی قوتابیان وەربگرێت لەسەر بابەتێکی پەروەردەیی و فێرکاری لەم ئەپڵیکەیشنەوە دەرئەنجامی باشتر و دروستتری دەستدەکەوێت وەک لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا
*بەشی پەیامی وەزارەت لە ئەکاونتی وەزارەتی پەروەردە زیادکراوە ، کاتێک وەزارەت بیەوێت ڕاگەیەندراوێک یان پەیامێک بداتە کارگێری ناوەندەکانی خوێندن یان مامۆستا یان بە خێوکاری قوتابی یان ئەدمینانی سیستمی ئەلیکترۆنی وەزارەت کە ژمارەیان زیاتر لە یازدە هەزار ( بەکارهينەرە) ئەدمینە ، دەتوانێت لەو ئەپڵیکەیشنەوە بەکەمترین ماوە پەیامەکەی بگەیەنێت و دەچێتە بەشی وریاکەرەوەکان ( نۆتیفیکەیشن) . جیا لەوەی دەتوانێ کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و هەروەها پشووەکان لەناو ئەو ئەپڵیکەیشنەوە رابگەیەنێت.