18 تیم چاودێری دەکات
لە ئاکرێ هەموو ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆز کراوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەرگری شارستانی ئاکرێ لە 20ـی ئەم مانگەدا بۆ رۆژی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و یاریە ئاگرینەکان ئامادەکاری باشیان کردووە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێش دەڵێت، ئەمساڵ 136کارمەند و ئەفسەر لەئەرک دا دەبن.
قەزای ئاکرێ بەناوبانگە بە پایتەختی نەورۆز و ساڵانە بەچەندین چالاکی جۆراو جۆر و گەورەترین ئاهەنگ ساز دەکرێت، بریاڕە ئێوارەی 20.3.2025 لەکاتژمێر 6:45 بەئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر ئاگری نەورۆز هەڵبکرێت و دوایی لەکاتژمێر 7:00ـی ئێوارە یارییەئاگرینەکانیش هەڵدەدرێن و ئاهەنگ سازدەکرێت.
ئیبراهیم فەریق،بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت، ئەمساڵ تیم و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژینەوەمان زیاد کردووە بۆ رۆژی هەڵکردنی ئاگر و یارییە ئاگرینەکان، کە پێکدێن لە 18 تیم و 14 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، کە حەوت ئۆتۆمبێلی گەورە و حەوت ئۆتۆمبێلی بچووکن.
وتیشی، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە ئەرکدا دەبن و تیمەکانمان دابەشکراون لەچەندین شوێنی جیاواز دەبن تیمی پیادەیان بە کەرەستەوە ئامادەیە.
“بۆهەر رووداوێک پێویسته هاوڵاتیان پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵ 115 بکەن”ئیبراهیم فەریق وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی