"باران نهبارێت زیانی زۆرمان پێدهگات"
جوتیارانى خهلیفان ئیشی خۆیان کرد و چاوەڕێی رەحمی خودان
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بەشی زۆری جوتیارانی سنووری قهزاى خەلیفان، پەینی کیمیایان لە گەنم و جۆ داوە، چاوەڕێ دەکەن ئەمشەو و سبەی بارانیان ببارێت و ببێت بە رەحمەت بۆیان.
ئێستا له زۆربهى ناوچهكانى ههرێمی كوردستان سەرەتای گەشەی گەنم و جۆیە، ساڵانە لەم کاتانە پێش هاتنی باران جوتیاران گەنم و جۆیەکەیان پەینڕێژ دەکەن بە مەبەستی پڕبوون و گەشەیەکی زیاتر و دەستکەوتنی بەرهەمێکی باش بۆ کاتی دروێنهكردن.
حاجی ئەحمەد رەسوڵ، جوتیارێکی دۆڵی ئاڵانەیە و بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ پەيینیان لە گەنم و جۆ داوە، چاوەڕێ دەکەن خودای گەورە به باران رەحمەتی خۆی بەسەریاندا ببارێنێت و لهو نیگهرانیی و دڵهڕاوكێیه دهربازیان بكات.
وتیشی “بەرەکەت ئەوەیە ئەم دوو رۆژە باران ببارێت، بەڵام ئەگەر باران نەبارێت ئەرکمان قورس دەبێت و ئەوکات دەبێت بە دەست ئاودێری گەنم و جۆیەکەمان بکەین، ئەگەریش ئاوی نەدەن تووشی سوتان دەبێت و زیانیان پێدەگات”.
رەجەب فکری، جوتیارێکی دیكهیه و دەڵێت، لەسەر قسەی کەشناسی کە پێشبینی هاتنی شەپۆڵێکی بارانی کردووە لەم دوو رۆژە بەشی زۆری جوتیاران پەیين لە گەنم و جۆیەکەیان داوە، هەر چەندە کارەکە قورسە لە ناو رەمەزان، بەڵام ئەگەر ئێستا پەینی لێ نەدەن ئیتر کاتەکەی بەسەردەچێت و کاریگەری دەبێت لەسەر لاواز بوونی گەشی گەنم و جۆ.
بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان سبەی چوارشەممەشە لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەهێزی هەورەتریشقە و نمەباران هەیە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن