دیمەنی شەقامێکی قەزای کەلار - وێنە: 964
پۆلیس: هەندێکیان خەڵکیان بێزار کردووە
لە کەلار 40 گەنج کە چەقۆیان پێبووە دەستگیرکراون
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لیژنەی ئەمنی قەزای کەلار ھەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە دەستپێکردووە کە چەقۆیان پێیە یان بە ماتۆڕ خەڵکی بێزار دەکەن، ئەمشەویش لەناو بازاڕی قەزاکە پێنج گەنج دەستگیرکراون.
ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کەلار بە 964ى وت،”لە دوای کوشتنی گەنجێک بە چەقۆ لە 7ی ئەم مانگە لە قەزای کەلار، ھەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە چەقۆ ھەڵدەگرن لەگەڵ ئەو گەنجانەی بە ماتۆڕ خەڵک بێزار دەکەن”.
“ھەموو شەوێک ھێزە ئەمنیەکان دەرچوونیان ھەیە بۆ پاراستنی ئارامی شار، لەسەرەتای ھەڵمەتەکەوە تا ئەمشەو نزیکەی 40 گەنج دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگا”،ئومێد مەجید وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”ھەڵمەتەکەمان بەردەوامی دەبێت، دوای کەلار دەچنە ناوچەکانی دیکە بۆ دەستگیرکردنی گەنجە لە یاسا دەرچووەکان”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا