964 نهێنییه‌كانى ده‌ستكه‌وت

حەوت ساڵە پایسكلێكی بێ خاوه‌ن له‌ قه‌زاى خه‌بات به‌ به‌ستراوى جێهێڵدراوه‌

964+
دەشتی عارف ـ هەولێر

وێنه‌یه‌ک به‌ زانیارییه‌وه‌ گه‌یشته‌ 964 كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت پایسكلێك به‌ په‌رژینێكی ئاسن له‌ ناو قه‌زاى خه‌بات به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و زانیارییه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خاوه‌نه‌گه‌ى كه‌سێكی به‌نگلادیشی بێت.

به‌داوداچونمان ده‌ستپێكرد و ده‌ركه‌وت دوو پیاوی بەنگلادیشی کە دانیشتووی شاری هەولێر بوون، بەمەبەستی کاری کشتوکاڵى رۆژانە له‌ هه‌ولێره‌وه‌ چوونه‌ته‌ قەزای خەبات له‌وێشه‌وه‌ بە پاسکیل دەچوونە سەر زەوییەکان و ئێوارانیش كه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ پاسکیلەکەیان لەبەردەم مارکێتێك دەوەستاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ بووه‌ ماوه‌ى حه‌وت ساڵ ئه‌م پایسكله‌ به‌ به‌ستراوی له‌ شوێنه‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه‌.
سەنگەر دارا، خاوەنی مارکێتی بازاڕی هەرزانه‌ له‌ قه‌زاى خه‌بات، به‌ هاتوچۆكردنه‌كانى ئه‌م دوو كه‌سه‌ به‌نگلادیییه‌ ئاگادار بووه‌، ئه‌و شوێنه‌ى پایسكله‌كه‌شیان لێ به‌جێهێشتووه‌ به‌رده‌م ماركێته‌كه‌ى ئه‌وه‌.
سه‌نگه‌ر به‌ 964 ـى وت “دوو بەنگلادیشییه‌كه‌، هەموو رۆژێك لە هەولێرەوە بە تەکسی دەهاتن بۆ قەزای خەبات و لە بەردەم مارکێتەکەی ئێمه‌ سواری پاسکیلەکەیان دەبوون و دەچوونە دەم زێی خەبات بۆ كاركردن كه‌ له‌ زه‌وییه‌كدا خەریکی کاری کشتوکاڵی بوون”.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئێوارانیش بە پاسکیلەکە دەهاتنەوە و لەبەردەم مارکێتەکە پاسکیلەکەیان رادەگرت چونکە جێگاکەی سەلامەت بوو نزیکی بنکەی ئاسایشی خەباتیشه‌، دواتر بە تەکسی دەگەڕانەوە بۆ هەولێر.
خاوەنی مارکێتەکە ده‌شڵێت، ئێوارانێک کە رۆیشتنەوە بۆ هەولێر ئیتر نەگەڕانەوە و ئەوە بووە دوایینجار کە ئەو دوو پیاوە ببینن، ئیتر ئەوە حەوت ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و تا ئێستاش کەس نەهاتووەتەوە بۆ ئەو پاسکیلەوە و ئه‌وانیش له‌ شوێنه‌كه‌ى پاراستوویانە و چاوەرێی خاوەنەکەی ده‌كه‌ن تا بێت و بیباته‌وه‌.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964 ئەمڕۆ شه‌ممه‌ ئاسایشی خەبات پاسکیلەکەی گواستووەتەوە بۆ بەردەم بنکەی ئاسایش، تاوەکو چیرۆکی ئەو پاسکیلە وەکو رەمزێکی وەفا و بەئەمەکی خەڵکی قەزای خەبات ببارێزن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە خەبات شۆفڵێک دوو ئۆتۆمبێلی وێرانکرد

لە خەبات شۆفڵێک دوو ئۆتۆمبێلی وێرانکرد