400 کۆمپانیا بەشدارن

ئەمڕۆ رۆژی بانگی هەرزانیە لە پارێزگای دهۆک

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەمڕۆ شەممە 2025.3.15، رۆژی بانگی هەرزانیە لە پارێزگای دهۆک، وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت ، زیاتر لە 400 شوێنی بازرگانی بەکەرتە جیاوازەکانەوە بەشداریان کردووە.

لەهەموو گەڕەکەکانی شاری دهۆک پوستەرێک دانراوە بە ناوی “بانگی ئەرزانی” کە تەنیا ئەمڕۆ داشکاندی تایبەت لەسەر کەلوپەلی و پێداویستی خۆراک بۆ هاوڵاتیان دەبێت لەژێر چاودێری ژووری بارزگانی و پیشەسازی دهۆک.

محەمەد نەجم، وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە دهۆک بە 964ـی وت، زیاتر لە 400 بۆ 500 شوێنی بازرگانی و کۆمپانیا بەشدارییان کردووە.

وتیشی، ئەمساڵ بڕیارماندا لە رۆژی 15ی رەمەزانی هەموو ساڵێکدا کەمپینێک لەژێر دروشمی “بانگی ئەرزانی”رابگەیەنین و هاوڵاتیان دەتوانن کەلوپەل و پێداویستی بۆ مانگی رەمەزان و جەژن بە نرخێکی هەرزانتر لەو رۆژەدا بکڕن.

بەسام محەمەد کارمەندێکی راگەیاندنی جوری بازارە کە بازاڕەکەیان بەشداری لە هەڵمەتەکە کردووە بە 964ـی وت، ئەوانێش بە داشکانی باشەوە بەشدارییان کردووە و نرخی 150 بابەتی خۆراکیان دابەزاندووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی