گرافیک: 964+
پارێزەرێک:
“زۆرینەى ئەو ژنە سوریانەى لە رێگەى دەڵاڵەکانەوە شویان بە پیاوى عێراقى کردوو لە کێشەدان”
964+
وریا فەتاح
پارێزەرێکى عێراقى ئاشکراى دەکات، زۆربەى ئەو ژنە سوریانەى شویان بە پیاوى عێراقى کردووە، لەبەردەم هەڕەشەى جیابوونەوە و دەستدرێژیدان و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.
محەمەد جومعە، پارێزەرێکى عێراقییە و هاوکاری یاسایی پێشکەش بە ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی دەکات.
لە راگەیەنراوێکدا ئەو پارێزەرە ئاشکراى کردووە کە ئەو ژنە سوریانەى لە رێگەى دەڵاڵەکانەوە شویان بە پیاوى عێراقى کردووە، کێشە یاساییەکانیان روولە هەڵکشانە، بەتایبەت جیابوونەوە و ئەشکەنجەدانیان.
وەک ئەوەى پارێزەرەکە باسى دەکات، ئێستا زیاتر لە 10 دۆسیەى جیابوونەوەى بۆ ئەو ژنە سوریانە کردووەتەوە کە توشى توندوتیژى بوونەتەوە.
“یەکێک لە کەیسەکانم ژنێکى سورییە کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە توندى لێیدراوە، نیشانەى دەستدرێژى لەسەر جەستەى دەرکەوتووە، ئەوەش دواى ئەوەى ژنەکە داواى کردووە بگەڕێتەوە بۆلاى خێزانەکەى، بەڵام هاوسەرەکەى رەتى کردووەتەوە رەزامەندى ئەو گەشتەى پێبدات”، ئەو پارێزەرە وا دەڵێت.
جومعە وتوشیەتى،”زۆربەى ئەو هاوسەرگیریانەى لەگەڵ ژنى سورى ئەنجام دەدرێن، بۆ پیاوى عێراقى ژنى دووەم و سێیەمە، هەر بۆیە دواى ماوەیەکى کورت رووبەڕووى کێشە دەبنەوە”.
روونیشى کردووەتەوە، دەڵاڵەکان بەشى زۆرى هاوسەرگیرییەکان لە رێگەى ناوەندە فەرمییەکانەوە ئەنجام نادەن، بەڵکو لاى پیاوێکى ئاینى مارە بڕینەکە ئەنجام دەدەن و دواتر بەهۆى نەبوونى بەڵگەنامەى فەرمى هاوسەرگیرى، ژنەکان رووبەرووى پێشێلکارى مافەکانیان دەبنەوە.