دوور نییە ئەو کۆمپانیایانە رووبەڕووی سزا ببنەوە
پنتاگۆن: BYD و عەلی بابا یارمەتی سوپای چین دەدەن
هەژان هادی
پنتاگۆن، ئۆفیسی سەرەکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پێی وایە کۆمپانیاکانی BYD و عەلی بابا یارمەتی سوپای چین دەدەن.
پنتاگۆن لیستی ئەو کۆمپانیایانەی بڵاوکردەوە کە پێی وایە یارمەتی سوپای چین دەدەن، BYD و عەلی بابا و سایتی بایدۆ لە سەرەوەی لیستەکەدان.
پێشتر لە مانگی دووی ئەمساڵ پنتاگۆن لیستێکی لەم شێوەیەی بڵاوکردبووەوە، بەڵام هەر زوو لیستەکەی کشاندەوە.
میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن ئەگەر ئەم گومانانەی پنتاگۆن ساغ ببێتەوە ئەوا دوور نییە ئەو کۆمپانیایانە رووبەڕووی سزا ببنەوە.
BYD ئێستا یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی هایبرێد و کارەبایی، چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سەرانسەری جیهاندا ئۆتۆمبێلەکانی بەکاردێت.
لە ساڵی رابردووش، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ترسی هەبوو لەوەی ئۆتۆمبێلە چینییەکان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر وەزارەتەکەوە بەکاربهێنرێن، بۆیە هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ دوورخستنەوەی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە دەستی بەرپرس و ئەفسەرە باڵاکان.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ‘Israel Hayom’، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لەو هەڵمەتەدا 700 ئۆتۆمبێلی چینی کشاندووەتەوە.