سبەی پێنجشەممە موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان دابەش دەکرێت
وەزارەتى دارایى
سبەینێ دەست بە دابەشکردنى موچە دەکرێت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت، دواى ئەوەى تەموویلى موچەى مانگى شوبات خرایە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایى هەرێم، سبەینێ پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنى موچەى دەکرێت.
وەزارەتى دارایى عێراق، ئەمڕۆ بڕى 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار دینارى، خستە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى هەرێم بۆ مانگى دوو.
وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12.3.2024، دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی روونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕى 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
روونیشى کردووەتەوە، ئەو بڕەى وەزارەتى دارایى عێراق ناردوویەتى، ئەو بڕە تەموویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا.
ئاشکراشى کردووە، سبەینێ پێنجشەممە، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند رۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.