حاسڵاتی ئەمڕۆ

رێکەوتنێکی گرنگ لە سوریا و دەستبەجێ شەڕ لە هەموو سوریا رادەگیرێت

+964
ژووری هەواڵ

کەمێک لەمەوبەر مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزاری سوریا رێکەوتنێکیان واژۆ کرد، بەپێی رێکەوتنەکە هەموو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێتەوەو مافی کورد پارێزراوە دەبێت.

بەپێی رێکەوتنەکەی عەبدی و شەرع دان بەوەدا دەندرێت کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی و رەسەنە لە سوریا و مافی لە دەستووردا پارێزراو دەبێت.

لەرێکەوتنەکەی هەسەدەو سوریا هاتووە: دەستبەجێ شەڕ لە هەموو سوریا رادەگیرێت و هەسەدە یارمەتی هێزە ئەمنییەکانی سوریا دەدات بۆ رووبەرووبوونەوەی چەکدارانی ئەسەد.

وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند: کردەوە سەربازییەکانی کەناراوەکانی سوریا کۆتایی هات و ئێستا دامودەزگاکان دەتوانن دەست بکەنەوە بەکارەکانیان و ئامادەسازی بکەن بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان لەو ناوچانە.

هەرچەند دەسەڵاتدارانی سوریا کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەیان راگەیاندووە، بەڵام میدیا لۆکاڵییەکان دەڵێن کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان تا ئەمڕۆش درێژەی هەبووە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە 39 کۆمەڵکوژی لە شارە کەناراوەکانی سوریا ئەنجامدراون و هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای تایفی خەڵک گولەباران دەکەن.

لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریاوە بە هەزاران خێزانی سوری ئاوارەی لوبنان بوون، ئامارە نا فەرمییەکان دەڵێن 10 هەزار کەس چوونەتە لوبنان، بەشی زۆریان چوونەتە شاری عەکاری زۆرینە عەلەوی.

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەین پەیوەست بە دۆخی سوریا، هاوڵاتیانی سیڤیل لەو شەڕانەدا کوژراون، داوا دەکەین دەسەڵاتی کاتی سوریا زوو تاوانباران بداتە دادگا.

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: لە رێی چاودێرە مەیدانییەکانەوە بۆمان دەرکەوتووە هۆکاری دروستبوونی ئاژاوەکانی سوریا چەکدارانی سەر بە رژێمی پێشووی ئەسەدن و ئەوان دەستپێشخەرییان کردووە لە پەلاماردان.

دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا دەڵێت: ئەو توندوتیژییەی لە سوریا دەگوزەرێت بۆ ئێمە مایەی دڵەڕاوکێیە، دەبێ نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر خێرا هەوڵێک بدات بۆ چارەسەرکردنی.

کەناڵی ئاڕ تی روسی وێنەی دەیان خێزانی سوری بڵاوکردەوە کە لەترسی توندوتیژییەکان هەڵهاتوون روویان لە بنکەی سەربازی حەمیم کردووە، کەناڵەکە دەڵێت ئەوانەی چوونەتە بنکە سەربازییە روسییەکە زۆربەیان ژن و منداڵن.
کاتێکی ئارام

حاسڵات: دوو رۆژە دەنگی تەق و تۆق لە غەزە نابیسترێت

حاسڵات: دوو رۆژە دەنگی تەق و تۆق لە غەزە نابیسترێت