هێشتا لە پەرلەمان یاسایەک بۆ ئەم رۆژە نییە

 ئەمڕۆ رۆژی جلی نەتەوەییە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رۆژی جلی نەتەوەیی لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان پیرۆز کرد و ڤیدیۆیەكیشی بڵاوكردەوە، كە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بە جلوبەرگی خۆیان دەردەكەون.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.3.2025 رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییە و بەم بۆنەیەوە سەرۆک وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ پەیامێكدا، ڤیدیۆیەکیشی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: “رۆژی جلی نەتەوەیی، جوانیی هەمەڕەنگیی کولتووری و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی کوردستانمان نیشان دەدات”.

رۆژی 10.3ی هەموو ساڵێك وەك رۆژی پۆشینی جلی نەتەوەیی دیاریكراوە، گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەر یەکە و لەو رۆژەدا بە پۆشینی جلی نەتەوەیی تایبەت به‌ خۆیان، لە دامودەزگاکان و شوێنە جیاجیاکان ئەم رۆژە بەرز رادەگرن.

ماوەی 14 ساڵە لە بەشێکی زۆری فەرمانگەکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن، قوتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەران جلی نەتەوەیی دەپۆشن، بەڵام لای خەڵک ئەو رۆژە وەک رۆژی جلی کوردی ناودێر کراوە.

پێشینەی بڕیاری رۆژی جلی نەتەوەیی

ساڵی 2011 وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارێک رۆژی 10.3ی هەموو ساڵێکی بۆ جلی نەتەوەیی دیاریکرد، سەرەتا تەنیا ناوەندەکانی خوێندن بڕیارەکەیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا کارمەندانی بەشێکی دیاری فەرمانگەکان جلی نەتەوەیی دەپۆشن.

بۆچوونی یاسایی سەبارەت بەم بڕیارە چییە؟

بەپێی بەدواداچوونێكی پارساڵی 964، لە پەرلەمانی کوردستان هیچ یاسایەک و بڕیارێکی تایبەت بە جلی نەتەوەیی نییە، ئەوەی هەیە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەیە لە ساڵی 2011 دەرچووە و بەپێی بڕیارەکە کەس ناچار نەکراوە بە بڕیارەکە پابەند بێت.

نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان و جلی نەتەوەیی

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە نەتەوەی کورد، هەریەکە لە نەتەوەکانی کلدانی، ئاشووری، سریانی، تورکمان، یەزیدی و عەرەب دەژین، هەریەکە لەو نەتەوانە جلوبەرگ و تایبەتمەندی جلی خۆیان هەیە.

دەست بە جلی کوردیەوە بگرن و چاکی مەکەن با خراپ نەبێ

دەست بە جلی کوردیەوە بگرن و چاکی مەکەن با خراپ نەبێ