شەش بڕگەی هەیە

سبەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی دەبێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

پەرلەمانی عێراق رایگەیاند سبەی دانیشتنی دەبێت و بەرنامەی كاریشی بڵاوكردەوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەی سێشەممەی پەرلەمانی بڵاوكردەوە، كە لە شەش بڕگە پێكهاتووە.

بە گوێرەی راگەیاندراوەكەی فەرمانگەی راگەیاندن، دانیشتنەكە كاتژمێر 1ی نیوەڕۆ دەستپێدەكات و بەشێکی بەرنامەی كاریش ئەمانە دەبن، دەنگدان لەسەر هەمواری چوارەمی پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی كەرتی تایبەت و گشتی، دەنگدان بە بڕیارێك كە داوا لە وەزارەتی پەروەردە بكات كار بە سیستمی (محاولات) بكات.

هەروەها بڕگەكانی دیكەش پێكهاتوون لە، راپۆرتی لیژنەی كاتی بۆ چاودێریكردنی موڵكەكانی دەوڵەت، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری دووەمی پڕۆژەیاسای موختارەكان و چەند بڕگەیەكی دیكەی یاسایی.