كۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی هەولێر و رێكخراوی GIZ
لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر هاوبەشی دەكەن
رێكخراوێكی ئەڵمانی ژنانی خاوەن كار بۆ كاری بازرگانی زیاتر هان دەدات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێكخراوی GIZی ئەڵمانی بەرنامەیان وایە ژنانی بەهرەمەند لە كوردستان بهێننە پێشەوە و لە باری بازرگانیدا هانیان بدەن كار بكەن، بە تایبەتی ئەوانەی خاوەنی كاری خۆیانن.
رێكخراوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.3.2025 لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر كۆبوونەوە و بڕیاریان داوە کاری هاوبەش درێژە پێبدەن.
كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە 964ی وت، ئەمڕۆ شاندی رێكخراوی GIZی ئەڵمانی لەگەڵ جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانی كۆبوونەوە و باسیان لە پلانی خۆیان كرد، ئەوەشیان خستەڕوو، كە بەشی دووەمی پڕۆگرامەکانیان دەستپێدەکەن.
وتیشی، رێكخراوەكە دەیانەوێت كاری هاوبەش لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر بكەن، یەكێكیش لە كارەكانیان رێکخستنی دیدارێكە لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و لایەنی حکومی، بۆ قسەکردن لەسەر بابەتی بازرگانی و ئابووری هەنووکەیی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی چارەسەرکردن، هەروەها کۆکردنەوەی ژنانی خاوەنکار و رێکخستنی دیدارێك لەگەڵ ژنانی خاوەن بیرۆکە، بە ئامانجی هێنانە پێشەوەیان بۆ ئەوەی كاری بازرگانی زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ئەوەشی باس كرد، ئەوان وەك ژووری بازرگانی دەرگایان بۆ هەموو هەماهەنگییەك كراوەیە، کە ئامانج لێی خزمەتگەیاندن بێت بە کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان.
“لە ماوەی رابردوودا ژووری بازرگانیی هەولێر و GIZ هەماهەنگی باشیان هەبووە لە کردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی کۆڕبەند”، كامەران محەمەد وای وت.
رێكخراوی GIZی ئەڵمانی، لە ساڵی 2018ـەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان كار دەكەن و لە چەندین بواری جیاجیادا هاوكاری چین و توێژە جیاجیاكان دەدەن و هاوكاری و كۆمەك پێشكەش دەكەن.